گوێدرێژ و درۆن ئاڕاستەی ململانێ سەربازییەكانی ئۆكراین و روسیا دەگۆڕن
یەحیا
١١ی ئازاری ٢٠٢٥
گوێدرێژ و درۆن، ئاڕاستەی ململانێ سەربازییەكانی ئۆكراین و روسیا دەگۆڕن، هەردوولا هەوڵ دەدەن تەكنیكی جیاواز لە شەڕەكەدا تاقی بكەنەوەو زیانەكان لەسەر خۆیان كەمبكەنەوە.
وەفدێكی باڵای ئۆكراین بە سەرۆكایەتی زیلینسكی و وەزیری دەرەوە لە جەددەی سعودیەن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی لەگەڵ روسیا.
ئەم كۆبوونەوەیە گرنگترین و رەنگە دوایین هەوڵی ئۆكراین بێت لە دوای دیدارە توندەكەی زیلینسكی و ترەمپ لە كۆشكی سپی لە 28ی شوباتی رابردوو بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسیەكانی نێوانیان، لە هەمانكاتدا كیێڤ هێرشێكی درۆنی گەورەی كردە سەر مۆسكۆ كە خۆی لە 330 درۆنی خۆكوژدا بینییەوە.
روسیاش لە وەڵامی هێرشە درۆنیەكەی ئۆكراین، 12 شارۆچكە و زیاتر لە 100 كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە ناوچەی كورسك كۆنترۆڵ كرد.
بەپێی راپۆرتەكان، روسیا لەم دواییانەدا ئەسپ و گوێدرێژی لە شەڕی دژی ئۆكراین بەكارهێناوە بۆ گواستنەوەی كەرەستەو پێداویستی سەربازی و تەنانەت گواستنەوەی سەربازانیش.
راپۆرتەكان دەڵێن، سوپای روسیا دەیەوێت سەرنجی درۆنەكانی ئۆكراین لەسەر خۆی دووربخاتەوە كە بە ئاسانی دەتوانن ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و جوڵاو لە نزیك هێڵەكانی پێشەوەی شەر دەستنیشان بكەن و بیانكەنە ئامانج.
پەنابردنی مۆسكۆ بۆ گوێدرێژ كە وەك فریادڕەس بۆ ئەم قۆناغە لێكدەدرێتەوە، لەكاتێكدایە شەڕەكە لە ئاستێكی تەقلیدییەوە گۆڕٍاوە بۆ ئاستێكی تەكنەلۆژیای بەرز كە تیایدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و لەیزەر و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانی تەشویش و هاك كردن باڵادەستن تیایدا.
بەكارهێنانی ئەسپ لە جەنگەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی 1500ی پێش زایین، كاتێك بۆ ڕاكێشانی گالیسكەو دابینكردن و گواستنەوەی كەرەستەی سەربازی بەكاردەهێنرا.
هەر لەوبارەیەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە سەرەتای داگیركردنی ئەفغانستاندا گوێدرێژ و ئەسپیان بەكارهێناوە.
رۆژنامەكە بەگێڕانەوە لە سەربازە ئۆكراینییەكان دەڵێت، بۆ یەكەمجار سەربازە روسەكانیان بە سواری گوێدرێژەوە بینیوە، تووشی شۆك بوون، چونكە هیچ كات پێشبینی ئەوەیان نەكردووە، هەرچەندە پێشتر بە ماتۆڕ سكیل چەندین هەوڵی لەوشێوەیەیان پوچەڵ كردووەتەوە.
لە كاتێكدا كە روسەكان ئەسپ و گوێدرێژ بەكاردەهێنن، سوپای ئۆكراین عەرەبانەی دەستی بەكاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی دار و پێداویستی سەربازی و تەنانەت بریندارەكانیش بەدرێژایی چەندین كیلۆمەتر، ئەویش بەهەمانشێوە بۆ لابردنی سەرنجی تانك و درۆنەكانی روسیایە.
رۆژنامە ئەمریكیەكە دەڵێت، سوپای روسیا مانگی رابردوو تووشی كێشە بووە لە دابینكردنی تەقەمەنی و كەرەستە و خۆراك بۆ هەندێك لە بەرەكانی شەڕ و لەبەر ئەم هۆكارەش پەنای بۆ بەكارهێنانی گوێدرێژ بردووە بۆ گواستنەوەی خزمەتگوزارییە لۆجستییەكان.