بەپێی یاسا و نەریتی دیموکراسی ئاساییە لایەنێک بەتەنیا یان چەند لایەنێک زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکەن و کابینە پێکبێنن، بەڵام لە کوردستان بە جۆرێکی ترە، چونکە دوو هێزی سەرەکی هەن، هەر یەکەیان هەژموونی تەواوی بەسەر بەشێکی کوردستاندا هەیە و هەلومەرجەکانیش بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی ئاسایی لەبار نین، بۆیە لەم قۆناغەدا تاقە ڕێگا ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنەیە.


ئەوەی زاندراوە یەکێتی ئامادە نییە وەک جاری جاران بەشداری لە حکومەتدا بکات و پارتیش هێشتا هەر فیزی زۆرینە لێدەدات. کەواتە ئەم هەویرە ئاوی زۆری دەوێ. ئەگەر ئەو دوو هێزە عەرەب گووتەنی (عادَتْ حَلیمە إلی عادَتِها القَدیمە)بێ هەر خولانەوەیە لەناو ئەو بازنە خڕەی ٣٢ ساڵە گەمارۆی دەسەڵاتی داوە. ئەگەر بە وردی سەیری حکومەتی هەرێم بکەین دەبینین ئەوەندەی دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی چەکدارییە، نیو ئەوەندە حکومەتێکی دەوڵەتداری و خاوەن ڕەوایەتی یاسایی نییە!


ئایا ئەوە بۆچی؟


چەندین ساڵە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت هەر لەناو ئەو بازنەیە دەسوڕێنەوە، کە نەدەرگای تێدایە و نەگەشەش دەکات. ئەگەر وا نەبوایە ئەوا دەبوو پێکهێنانی حکومەت کارێکی سەخت نەبوایە.


یەکێتی داوای گۆڕانکاری لە سیستم و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەکات. دەکرێ ئەوە بکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی، بۆ ئەوەی بتوانین لە کابینەی داهاتوودا هەنگاوی گرنگ بنێین و کۆتایی بە قۆناغی راگوزەر بێنین. 


دیارە لەو سۆنگەیەوە پۆستە باڵاکان گرنگن، بەڵام پۆست هەر لە پێناوی پلە و پایە نەبێ، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە کە یەکێتی لە بەشدارەوە ببێتە هێزێکی هاوبەش.


ئەگەر ئەمجارە لەسەر بنچینەیەکی نیشتیمانی و بە ئامانجی گۆڕانکاری ریشەیی نەبێ، کابینە زوو پێکبێ یان درەنگ هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. بە پێچەوانەوە ئەگەر کابینەیەکی جیاواز پێکبێت و سەرۆکی هەڕێم و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکانیشیان دەسەڵاتداری رەها و لەسەرووی لێپرسینەوەی پەرلەمانی و دادگایی نەبن، واتە ئەوانیش هەر تەنیا بەڕێوەبەر و فەرمانبەری دەوڵەت بن دەتوانین بڵێن شتێکمان بە شتێک کردوە و مەرجەکانی یەکێتیش لەو پێناوەدان.