سلێمانی بەرەو کوێ؟
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
0(٢) هەڵمەتی راگەیاندنی پارتی لەسەر یەکێتی و سلێمانی گەیشتووەتە ئاستی ( شەلم، کوێرم، هیچ نابوێرم) ئەوە لە کاتێکدایە، کە هەمووی چەند رۆژێکی بۆ یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان و ماوە دەستیش کراوە بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت!
ئایا ئەو بارودۆخە پێویستی بە ئارامی و رەخساندنی کەش و زەمینەی رێککەوتنە لەسەر ئایندەی وڵات یان تێکەڵکردنی دۆ و دۆشاو؟!
ئەو هەڵمەتە لە خۆڕا نییە، بەندە پێم وایە دوو هۆکاری لە پشتەوەن:
یەکەم: ماوەیەکی زۆر بوو پارتی هەرچی دەویست و هەرچی دەیکرد بۆی دەچووە سەر، بەڵام ئێستا هەم یەکێتی و هەمیش هەلومەرجەکان گۆڕاون، بۆیە هێشتا لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا رانەهاتووە و ئەنجامیش لەگەڵیدا ناگونجێ.
دووەم: هەرچەندە باسی یەک هەرێمی و یەک حکومەتی و یەک هێزی دەکات، بەڵام ئاشکرایە کە، ئەو هەموو یەکانەی بۆ یەک حزب و یەک کەس دەوێن. دیارە پاراستنی قەوارەی هەرێمیش هەر تەنیا ئەرکی یەکێتی و پارتی نییە، بەڵکو ئەرکی نیشتیمانیی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانە، ئەگەر نیەتێکی شارەوەش لە پشتی ئەو هەموو دووبارەکردنەوەدا نییە، کێ باسی دوو هەرێمی و سێ هەرێمی کردوە تا ئەوەندە پێی لەسەر دابگرێ؟!
نایشارمەوە من هەست بە مەترسی دابەشکردنەوەی هەرێم دەکەم، چونکە ئەو ئاراستە سیاسیە گشتیە و ئەو هەڵمەتە راگەیاندنەی پارتی لەو هەلومەرجە ناسکەدا بە ئاگایی بێ یان بێ ئاگا وڵات بەرەو چارەنووسێکی نەخوازراو دەبەن.