بە بێ هیوا لەدایک بووم بەڵام بە هیواوە دەژیم
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
120
بە هۆی گۆرانکاریی بابەتیی و خۆییەکانەوە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم کۆرانکاریی گەورەدایە، بەتایبەتی ناوچەکەی ئێمە رووبەرووی رووداوی چاوەروان نەکراو دەبێتەوە.
ئێمەی خەڵکی کوردستان لە دووڕیانی هات و نەهاتداین، چارەنوسمان شەتەکدراوە بەو ئاڵوگۆڕانەوە، ئەگەر خۆمان لە ئاستی لێپرسراوێتی مێژووییدا نەبین لەوانەیە توشی کارەساتی گەورە ببینەوە.
پێویستە و ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لە ئاست ئەرکی نشتمانیی و نەتەوەیی خۆیاندابن و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست رووبەرووی هەر پێشهاتێکی ئەرێنی و نەرێنی ببنەوە.
منیش وەکو تاکێکی ئەم کوردستانە، لەم هەلومەرجەی ژیاندا هەم ئەرکم لەسەرە سەبارەت بە نشتمان و گەلەکەم، هەم مافی ئەوەم هەیە هیوا و داخوازییەکانی خۆم بخەمەڕوو، لەوانە:
-کوردستانەکەمان دوور بێت لە پریشکی ئەم بورکانە و دوژمنەکانیشمان بگرێتە باوەش.
-کابینەی ئەمجارە کابینەی ئاشتبوونەوەی خەڵک و چارەسەری کێشەکانی هەرێم بێت.
-هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ببێتە مایەی خێر و ئاوەدانیی لە کوردستاندا.
-کابینەی نوێ بە جدیی هەوڵی چارەسەرکردنی موچەی خەڵک و بوجەی هەریم بداتم لەگەڵ حکومەتی فیدرالیدا، دوور لە ململانێ و بەرژوەندیی حزبیی.
-مادەی (١٤٠) ی دەستور جێبەجێ بکرێت.
-ئەنجومەنی ئیتحادیی لە عیراقی فیدرالیدا دروستبکرێت.
-هەرێمی کوردستان نەبێتە قۆچی قوربانیی سەرژمێریی ئەم ساڵ.
- یەکێتییەکەمان بە هێزتر و رێبازەکەی مام جەلال پرشنگدارتر بێت.
-هەموو جیهان لە پەتای کوشندە و نەخۆشیی شێرپەنجە دوور بێت.
-ئاشتی و خۆشگوزەرانیی و ئازادیی لە سەرتاسەری جیهان بەرقەرار بێت.
-مرۆڤایەتی دوور بێت لە بەڵای توڕەبوونی سروشت بە هۆی تێکچوونی ژینگەوە.
-ئاخر خێریی بۆ هەمووان دەخوازم و ئاخر شەڕییش بۆ کەس ناخوازم.
-منداڵی دەرۆزەکەری سەر جادەکان نەبینم.
-کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفەوە بنبڕ بکرێت.
ئەمانە و دەیان هیوا و ئاواتی ترم هەن سەبارەت بە نشتمان و یەکێتی و خێزان و خانەوادەکەم.
ساڵی ئایندە بەم هەموو هیوا و ئاواتانەوە دەچمە ناو کەژاوەی حەفتا ساڵییەوە.
نزیکەی حەفتا ساڵ لەمەو پێش لە ژوورێکی تەنگەبەر و لا چەپ و بێ کارەبا و پەنجەرەدا، لەژێر سێبەری دارخۆرماکانی جەلەوە و هاژەی ئەڵوەندا، لە ئێوارە وەختێکی بەهاردا، لە خانووە قوڕەکەی خاڵو فەتحوڵڵادا بە ژان و نارەحەتیی منیان لە بەهەشتی منداڵدانی دایکم گەوهەر، دەربەدەر کرد.
بە بێ ئارەزووی خۆم منیان لە دنیای خاڵیی لە مەینەت و دەردەسەریی و هیوا و ئاواتخوازیی گواستەوە بۆ دنیای پڕ مەینەت و دەردەسەریی و دونیای فانی.
دایکم گەوهەر، بەمشێوەیە یاد و یادەوەرییەکانی دەگێرایەوە، دەیوت: لەدایکبوونی عیماد، لە ئێوارە وەختێکی باراناویدا بوو، ئەڵوەن زیادی کرد و لافاو هەڵسا بوو.
میم تاووس (جدە) بە واتای مامان بوو، هاجەری دایکم و دایکی عەزیز لە ژوورەکە لە گەڵمدابوون، بە زیڕە و گریانێکی زۆرەوە عیماد هاتە دنیاوە. میم تاووس بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەی هاواری کرد: هاجەر کوڕتان بوو و لای راستی روومەتی پەڵەیەکی سووری پێوەیە.
دایکی عەزیزیش وتی: ئەم تفڵە زیتەڵەیە، جیاوازە و قەت ئەم کوڕەمان لێ ون نابێت.
بۆ درامای لە دایکبوونم هەر ئەوەندەیان بۆ باسکردووم. منیش لەو ساتە وەختەدا بێ دەسەڵات و بە بەشێک لە کەسایەتییە تایبەتییەکەی خۆم پاوەنکراوبووم.
دەسنیشانی کات و سەعات و رۆژ و مانگ و ساڵەکە بە دەست و ئارەزووی خۆم نەبوو،
ناوەکەش (عیماد ) و هەندێ خەسڵەتی تر لە دەسەڵاتی مندا نەبوون.
دوای ئەم دیمەنانە، درامای ژیانم بە تراجیدیا و کۆمیدیاکانییەوە بەندە، بە جوانیی و ناشرییەکانییەوە و بە خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە بە بێ دەسەڵات و بە بێ هیوا هاتمە دنیاوە لە سووچێک لە خانوویەک لە جەلەوەی خانەقی و کوردستان چاوم بە دنیا هەڵهێنا.
ئێستا دوای نزیکەی حەفتا ساڵ، دنیام فراوانتر بووە و دەسەڵات و هیواشم زیاتر بووە. ئەرکی ئەخلاقیم و نشتمانیم، ئەرکی ئینسانیم و نەتەوایەتیم، ئەرکی شەخسیم و خێزانیم بەر فراوان بوون.
هەروەها هیوایەکی زۆرم هەیە، سەبارەت بەخۆم و خێزان و کەسوکار و هاورێ و دۆستان و سەبارەت بە کوردستان و یەکێتی و بە دادپەروەریی و یەکسانیی و ئازادیی لە هەرێمی کوردستاندا.
بەشێکم بە دیهێناوە، ئەگەر عومر باقی بێت، هەوڵی بە دیهێنانی ئەوانیتریش دەدەم.
بەکورتی و کرمانجیی دەتوانم بڵێم: بەبێ هیوا هاتمە دنیاوە بەڵام بە هیواوە دەژیم