جیاوازی سیاسەتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەمریکا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
350
ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی جیھان بە گشتیی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیی، بەو پێیەی ھەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەت و سیستمی ئەو ولاتە ڕووبدات راستەخۆ کاریگەریی لەسەر وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستیکرد بە سەپاندنی ھەژموونی خۆی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمیشدا دەیان بنکەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە دامەزراند بە تایبەت لە وڵاتە ھاوپەیمانەکانییدا.
لە دوای کۆتایھاتنی جەنگی جیھانیی دووەم، ئەمریکا پەیوەندیی دیپلۆماسیی و سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە گەشەپێدا بەتایبەتی دوای دروستکردنی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨)، لەو کاتەوە ئەمریکا بەردەوام لە فراوانکردنی ھەژموونی خۆیدایە، فراوانخوازییەکە بە جۆرێکە لە ئێستادا ئەمریکا (٦٠ بۆ ٨٠) ھەزار سەرباز و راوێژکاری بە پلەی جیاواز لە ناوچەکەدا جێگیرکردووە، لەوانەش عێراق، سوریا، کوەیت و قەتەر.
ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەند ئامانجێکی بنەڕەتیی و سەرەکی ھەیە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ ھێنانەدی ئەم ئامانجانە دادەرێژرێت، کە بریتین لە:
• زامنکردنی ئاسایشی وزە، پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
• پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئیسرائیل.
• فراوانکردن و بەردەوامیدان بە ھەژموونی خۆی لە ناوچەکە.
ئەم سێ ئامانجە، ئامانجی نەگۆڕن، بە گۆڕانکاریی لە سەرۆک و حکومەتەکان ھیچ گۆرانکارییەک یان سازشێک لەسەر ئەم ئامانجانە ڕوونادات، بەڵکوو تەنھا میکانیزمی کارکردن بۆ ھێنانەدیی ئەم ئامانجانە گۆڕانکاریی بەسەردادێت، لێرەوە جیاوازیی لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان درووستدەبێت لە شێوازی کارکردن بۆ ھێنانەدی ئەم ئامانجانە، کە ھەردوو حزب لە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا خاوەنی سیاسەت و ستراتیژی تایبەت بە خۆیانن.
پارتی دیموکرات کۆنترین پارتی سیاسی ئەمریکایە و لە کۆنترین پارتە سیاسییەکانی جیھانە، لە ساڵی ((١٨٢٨ بە فەرمی دامەزرا، لە مێژووی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە کۆی (٤٦) سەرۆک (١٤) سەرۆک لە دیموکراتەکانن، یەکەم سەرۆک لە دیموکراتەکانی ئەمریکا "ئەندرۆ جاکسۆن" بوو لە ساڵی (١٨٢٩)، دواین سەرۆک "جۆ بایدن"ە.
پارتی کۆماریی ئەمریکا لە ساڵی (١٨٥٤) لەلایەن چالاکوانانی دژە کۆیلایەتی دامەزراوە، بە درێژایی مێژووی تەمەنی خۆی لە کۆی (٤٦) سەرۆکی ئەمریکا (١٩) سەرۆک لە کۆمارییەکانن، یەکەم سەرۆک "ئەبراھام لینکۆڵن" بوو لە ساڵی (١٨٦٠)، دوایەمین سەرۆک "دۆناڵد ترەمپ"ە.
ئەم دوو پارتە بەردەروام لە کێبرکێی یەکتریدان، بەدەر لە تێڕوانینیان بۆ سیاسەتی ناوخۆیی، لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەش جیاوازییەکی بەرچاویان ھەیە، دیموکراتەکان پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن بەڵام جەخت لەسەر ڕێبازێکی ھاوسەنگ دەکەنەوە بۆ پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەکی ھەستیار مامەڵە دەکەن لە پشتیوانیکردنی ئەو ڕژێمانەی کە تۆماری مافی مرۆڤیان خراپە، وەک سعودیە کە ھەرچەندە ھاوپەیمانی ئەمریکایە بەڵام ڕەنگە بانگەشە بۆ چاکسازی یان پشتیوانی مەرجدار بکات، بەڵام کۆمارییەکان لە پاڵپشتییکردنی ئیسرائیل زیاتر لەگەڵ ھاوکاری سەربازیی راستەوخۆدان، پشتگیری لە ناساندنی "قودس" دەکەن وەک پایتەختی ئیسرائیل، ئەم ھەڵوێستە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لە ساڵی ٢٠١٧ زیاتر کاری لەسەر کرا، لەگەڵ ئەوەن توانا بەرگرییەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی وڵاتانی دراوسێ و ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان بەھێزتر بکەن.
دیموکراتەکان جەخت لەسەر چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دەکەنەوە و ڕەنگە زیاتر وریا بن لە دەستتێوەردانە سەربازییەکان، پێی باشترە فشاری ئابووری و سیاسی بەکاربھێنێت تا ڕادەیەک میانڕەوترە، بەڵام کۆمارییەکان بەوە ناسراون بە بەراورد بە دیموکراتەکان سیاسەتێکی تا ڕادەیەک تووندیان ھەیە، جەختیان لەسەر ئامادەیی سەربازی بەھێز و ھاوپەیمانی ستراتیژی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووەتەوە.
پەیوەست بە ئێران، پارتی دیموکرات پشتگیری لە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەکات، لەوانەش دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکان و ڕەفتاری ناوچەیی. بەڵام کۆمارییەکان ئێران وەک ھەڕەشەیەکی مەترسییداری ناوچەیی لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا سەیردەکەن، بۆیە ھەڵوێستییان لەبەرامبەر ئێران توندڕەوانەترە تیشک دەخاتە سەر گەمارۆ ئابوورییەکان و فشارە سەربازییەکان.
دیموکراتەکان زیاتر جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی دیموکراسی دەکەنەوە وەک بەشێک لە سیاسەتی دەرەوە، پشتیوانی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەن و رەخنە لە سیاسەتی پاوانخوازیی دەگرن، بەڵام کۆمارییەکان لەگەڵ سەقامگیری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرن بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ، بە گرنگیدان بە سەقامگیرکردنی ئاسایشی ھاوپەیمانانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنانەت ئەگەر تۆماری مافی مرۆڤیان جێی پرسیار بێت، بە بەراورد بە دیموکراتەکان کەمتر جەخت لە گەشەپێدان و چاکسازییە دیموکراسیەکان دەکەنەوە.
زۆرجار کۆمارییەکان پشتگیری لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەکەن لەو ململانێیانەی کە وەک ھەڕەشە ھەستیان پێدەکرێت، لەکاتێکدا دیموکراتەکان ڕەنگە ھەوڵە فرە رەھەندەکان و ھاوکارییە مرۆییەکان بکەنە کاری لە پێشینەیان.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، با ئاراستەی ھێنانەدی ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەرێژرێت، جا کۆماریی بن یان دیموکرات، وتەکەی سەرۆک "ریچارد نیکسۆن" وەکو بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە دەڵێت: "ئەمریکییەکان ناچنە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان بۆ بەرگرییکردن لە دیموکراسی و شەرعیەت و دژایەتیکردنی دیکتاتۆریی، بەڵکو ئێمە بۆیە دەچینە ئەو شوێنانەو، چونکە ناھێڵین بەرژەوەندیییەکانمان بکەوێتە مەترسیییەوە".