لەم دواییانەدا لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق گفتوگۆم ھەبووە، بیروبۆچوونمان لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتوو ئاڵوگۆڕ کردووە. لە کاتی گفتوگۆکاندا ھەندێکیان گرنگییان بە گەشەسەندنی سەقامگیر و خێرای چین نیشان دا و لێیان دەپرسیم: وەک پارتێکی دەسەڵاتدار، پارتی کۆمۆنستی چین چۆن وڵاتێکی زەبەلاح بەڕێوەدەبات کە ژمارەی دانیشتووانی ١.٤ ملیار کەسە؟ وەک پارتێکی سیاسی گەورە، چۆن پارتی  کۆمۆنستی چین چارەسەری پرسی گرنگی خۆبەڕێوەبردن دەکات؟ ھەرچەندە ھەوڵم داوە ڕوونکردنەوە بدەم، بەڵام بەھۆی کەمی کاتەوە ڕەنگە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە و قووڵ وەڵامم نەدابێتەوە. بۆیە دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و ڕوونکردنەوەیەکی رێکوپێکتر و گشتگیرتر لەسەر ئەم بابەتە گرنگە پێشکەش بکەم، بەو ھیوایەی باشتر وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە.

تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، پارتی کۆمۆنستی چین زیاتر لە ٩٨ ملیۆن ئەندام و زیاتر لە ٥ ملیۆن ڕێکخراوی حزبی بنەڕەتی ھەبووە. دەکرێ بڵێین بەڕاستی گەورەترین پارتی سیاسییە لە جیھاندا لە ڕووی قەبارەوە. بۆ پارتێکی ئاوا گەورە، کە ماوەیەکی زۆرە لە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیھاندا دەسەڵاتدارە، نابێ سەختی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی پارتەکە بە کەم سەیر بکرێت.
ئەگەر سەیری پارتی کۆمۆنستی یەکێتی سۆڤیەت بکەین (کە پێشتر پێی دەگۆترا بەلشەفیک)، زەحمەت نییە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو پارتەی سەردەمانێک دەیان ملیۆن ئەندامی ھەبووە، بە دڵنیاییەوە پارتێکی گەورەی جیھانە. پێداچوونەوەیەکی کورت بە مێژووەکەیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو پارتە کاتێک ٢٠٠ ھەزار ئەندامی ھەبوو، سەرکەوتووانە قەیسەری ڕووخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت؛ کاتێک ٢ ملیۆن ئەندامی ھەبوو، بەرگری لە دژی ھێرشی دڕندانەی سوپای ھیتلەر کرد و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی جەنگی جیھانی دووەمی بەدەستھێنا؛ بەڵام کاتێک ژمارەی ئەندامەکانی گەیشتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس، لە مانگی ئابی ١٩٩١دا کودەتایەکی شکستخواردوو ڕوویدا و لە شەو و ڕۆژێکدا پارتەکە ڕووخا. ئەمە وانەیەکی قووڵە بە ھەموو مانایەک!

ئایا ئەو کێشانە چین کە ئەگەری سەرھەڵدانی ھەیە کاتێک پارتێکی گەورە بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن ئەندامەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە حکومڕانیدا بێت؟

بە مانایەکی تر، ئەو سەختییە ناوازانە چین کە ڕووبەڕووی پارتێکی گەورە دەبێتەوە وەکو پارتی  کۆمۆنستی چین؟

لە بەرامبەر ئیغراکردن بە ھەموو جۆرەکانییەوە، چۆن ھەموو ئەندامانی پارت دەتوانن بە بەردەوامی ڕاستگۆ بن لەگەڵ خواستی ڕەسەنی پارتەکە و بەتوندی ئەرکی پارتەکە لەبەرچاو بگرن؟ بۆ مرۆڤ ئاسانە کارێکی باش بکات، ئەمەش پێویستی بە پەروەردە و ڕۆشنبیرکردنی حزبییە. بۆ پارتێکی سیاسی، بەتایبەتی پارتێکی گەورە کە ئەندامێتی وەھا زۆر بێت، زۆر قورسە ژمارەیەکی وا زۆر خەڵک والێبکات کە نموونەیی و بیروباوەڕی پتەو بپارێزن، وابکات کە ھەموو ئەندامان و کادیرانی پارت باوەڕیان بەوە ھەبێت کە ھەر سیاسەتێک یان بڕیارێک پێویستە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل بێت نەک شتێکی تر. بەڵام لە ھەمان کاتدا چاودێری گشتی و بەدواداچوونی دیسپلین گرنگە. 

لە بەرامبەر ھەمەچەشنی بیروبۆچوون و تێڕوانین لە کۆمەڵگادا، چۆن بتوانین ھەموو ئەندامانی پارت لە قسە و کردارەکانیان یەکبخەین؟ ئەمە تاقیکردنەوەی توانای پارتێکی سیاسییە بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. وەک پارتێکی زەبەلاح، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بەرەنگاریەدا زۆر قورسە. لەگەڵ گەشەکردنی قەبارەی پارتێکی سیاسی، ھاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی چاکسازی و کرانەوە، بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ھەمەچەشن دەبن و بەدڵنیاییەوە  کاریگەری لەسەر ئەندام و کادیرانی پارت دەبێت. بەم ھۆیەوە لەوانەیە ھەندێک توێژی سیاسی یاخود گروپی بچووک لەناو پارتەکەدا سەرھەڵبدەن کە بەپێی ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن و بەم شێوەیە دواتر کێشە دروست بکەن. 

لە بەرامبەر پرس و بەرەنگاریە بێکۆتاکاندا، چۆن بتوانین ھەمیشە توانای بەڕێوەبردنی بەھێز وکارامەیی ڕابەرایەتی بپارێزین؟ وەک پەندێکی چینی دەڵێت “لە کاتی نەبوونی کەرەستەی گونجاودا، ناتوانیت کارەکە ئەنجام بدەیت”. شەرعیەتی پارتی دەسەڵاتدار لە توانای بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی بەھێزی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە ئەنجام گەیاندنی کارەکاندا سەرچاوە دەگرێت. گرنگی ئەم بابەتە ناتوانرێت زیادەگۆیی تێدا بکرێت. جیھان بە گۆڕانکاری قووڵ و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار کەمتەرخەم بێت و خۆی بە شێوازە کۆنەکانیەوە ببەستێتەوە، ئەوە زۆر مەترسیدار دەبێت و لەوانەیە مێژوو بیسڕێتەوە.
لە کاتێکدا ھەندێک لە ئەندامان و کادیران چێژ لە ژیانێکی خۆش و ئاسوودە وەردەگرن، چۆن بتوانین بەردەوامی بە ڕۆحی ماندووبوون و کارگێڕی بدەین؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ جارێک ئاماژەی بەوە کرد کە: “دوای دەیان ساڵ لە ڕەوشی ئاشتی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا، ژمارەیەک لە ئەندامان و کادیرانی پارت لە کارەکانیاندا بژاردەی ژیان و مردنیان تاقینەکردۆتەوە،‌ ھەروەھا بە شەڕی قورس لە ژینگەیەکی سەختدا تێنەپەڕیون. بۆیە ئەوان بە ڕۆحێکی لاواز و وورەیەکی نزمەوە، ئارەزوویان بۆ ژیانێکی ئاسوودە دەڕوات، و بە ئاسانی لە بەرامبەر ھەندێک ململانێی گەورەدا تووشی شڵەژان و سەرلێشێوان دەبن”. 

لە بەرامبەر بارودۆخی باشی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، چۆن ھەمیشە بتوانین کێشەکانی خۆمان لە کاتی خۆیدا بدۆزینەوە و چارەسەریان بکەین؟ دانایەکانی چین جارێک وتیان “لە کاتی ئارامیدا ئامادەبە بۆ مەترسی.” و "ھەرکەسێک بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بێت  ئەوە بەھێزە و ھەرکەسێک بەسەر خۆیدا زاڵ بێت ئەوە بەھێزترە." ئەم پەندانە مانای ئەوە دەگەیێنن کە پێویستە خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکەین بۆ ئەوەی نەبەزێنراو بین. بۆ ئەوەی بەڕاستی بەھێز بین، مەرج نییە بەسەر ئەوانەی تردا زاڵ بین، بەڵام پێویستە لە شکست دەربازبین و خۆڕاگربین. 

لە بەرامبەر گەندەڵی و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە ناتەندروستەکانی دیکەدا، چۆن بتوانین یەکڕیزی سیاسی لەناو پارتدا بپارێزین؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ وتی " گەندەڵی شێرپەنجەی کۆمەڵگایە. ئەگەر ڕێگری لە گەندەڵی نەکەین یاخود لێبگەڕین زیاد بکات، ئەوا مانەوەی پارت و وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆ ئەوەی پارت بتوانێت بنەمای دەستپاکی بونیاد بنێت ھاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پێمان وایە ئەمە پەیوەندییەکی زۆری بە مانەوەی پارت و نیشتیمانەوە دەبێت. ھەروەھا ئەمە لە چەندین وانەی مێژوویی سەردەمی کۆن و مۆدێرنەوە ھاتووە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە”. 

لە بەرامبەر ئەو کێشانەی کە لە سەرەوەدا ئاماژەیان پێکراوە، چۆن پارتی  کۆمۆنستی چین چارەسەریان دەکات؟
ئەگەر سەیری مێژووی سەد ساڵەی پارتی کۆمۆنستی چین بکەین، بۆچی پارتەکەمان دەتوانێت لە کێبڕکێی توندی نێوان ھێزە سیاسییە جیاوازەکاندا دەربکەوێت؟ بۆچی ھەمیشە دەتوانین لە پێشەنگی سەردەمدا بمێنینەوە و ببینە بڕبڕەی پشتی گەل و نەتەوەی چین؟ یەکێک لە ھۆکارە گرنگەکان ئەوەیە کە پارتەکەمان ھەمیشە پابەندە بە ڕاستییەوە، بەردەوام ھەڵەکان ڕاست دەکاتەوە، ئازایانە ڕووبەڕووی بەرەنگاریەکان دەبێتەوە،‌ بوێرانە بەھای خۆی نوێدەکاتەوە و توانایەکی زۆر بەھێزی ھەیە بۆ خۆ چاککردنەوە. پارتی کۆمۆنستی چین ھەندێک شێوازی کاریگەری بۆ جێبەجێکردن گرتۆتەبەر.

پێویستە ھەمیشە بەرژەوەندی گەل بخەینە پلەی یەکەم و پێش ھەموو شتێکەوە. گەڕان بەدوای خۆشبەختی بۆ گەلی چین و گەشبوونەوە بۆ میللەت، مەبەست و ئەرکی بنەڕەتی پارتی کۆمۆنستی چینە، کە بەرژەوەندی تایبەت بۆ خۆی تێیدا نییە. مارکس و ئەنگڵس جارێک لە لێدوانێکی کۆمۆنستدا وتیان: "ھەموو بزووتنەوە مێژووییەکانی پێشوو بزووتنەوەی کەمینەکان بوون، یاخود لە بەرژەوەندی کەمینەکاندا بوون. بزووتنەوەی پرۆلیتاری بریتییە لە بزووتنەوەیەکی ھۆشیار و سەربەخۆ بۆ ڕەھای زۆرینە، بۆ بەرژەوەندی ڕەھای زۆرینە." پارتی ئێمە پارتێکی چەکدارە بە مارکسیزم. ھەمیشە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ڕەھای زۆرینەی گەلی چینی کردووە و ھەرگیز ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی نەبووە. ھەموو شتێک بۆ گەلە. وەک سکرتێری گشتی شی جینپینگ وتی " ئاواتی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر ئەوەیە کە ئێمە ھەوڵی بۆ دەدەین." 

پاراستنی ئاستێکی بەرزی یەکڕیزی و یەکگرتوویی ھزری ئایدیۆلۆجیا لەناو پارتدا زۆر گرنگە. یەکگرتوویی ھێزە و کلیلی سەرکەوتنە. ھێزی پارتیش بەھەمان شێوە لە توانای ڕێکخستنی بەھێزەوە سەرچاوە دەگرێت. بە ھەوڵدان بۆ باشترکردنی چالاکییە سیاسییە ڕێکخراوەکانی ناو پارت، پەروەردەی ھزری ئایدیۆلۆجیای کاریگەر، بەردەوام چاککردنی سیستەمی ھێڵکاری و ڕێساکانی پارت، چەسپاندی دیموکراسی تەواو لەناو پارت، دەتوانین پارتەکە "وەک خێزانێکی ھاوسەنگ، یەکگرتوو بکەین، و وەک پۆڵایەکی پتەو، بەھێز بکەین". پێویستە ھەموو ئەندامان  بە توندی پشتگیری لە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی پارت بکەن، بە تەواوی ڕێنماییەکانی کۆمیتە جێبەجێ بکەن و ھەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە ھاوبەشەکان. لەناو پارتدا، بە ھیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە کۆمەڵە، بازنەی بچووک یاخود باند ھەبێت، و نابێت ڕێگە بە ھیچ ڕەفتارێک بدرێت کە ببێتە ھۆی تێکدانی یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان. 

پێویستە بەردەوام تواناسازیی پارت بەھێز بکەین، تواناکانی حوکمڕانی و سەرکردایەتیی پارت بەرز بکەینەوە. پارتی کۆمۆنستی چین ھەمیشە پابەند بووە بە چەمکی بونیادنانی پارتێک کە ئارەزووی فێربوونی ھەبێت. ئەمەش مەرجی بەرز دەخاتە سەر ئەستۆی سەرکردەکانی پارت لە ھەموو ئاستەکاندا. ھەرچەندە سەرقاڵی کارن، بەڵام پێویستە کات بۆ خوێندن و فێربوونی زانیاری نوێ تەرخان بکەن بۆ ئەوەی شیکاریی بیردۆزییان بەرەوپێش ببەن، و ئەوەی فێریبوونە لە شوێنی کاردا جێبەجێی بکەن. لە ھەمان کاتدا نابێت شوێن بۆ ئەو کەسانە ھەبێت کە بێسوودن یاخود وەک ھەڵھاتوو دەردەکەون و لە ھیچ شتێکدا باش نین.

ئێمە ھەمیشە دۆخێکی دەروونی باش دەپارێزین بۆ ئەنجامدانی ھەر کارێک بە ھەستێکی بەھێزی بەرپرسیارێتی. دەستپێکردنی ھەر کارێک قورسە، بەڵام بەردەوامبوون لەو کارە قورسترە.  تێکۆشان و سەرکەوتنی وڵات ئاسان نییە، بەڵام بەرگریکردن ڵێی و پاراستنی قورسترە. بە درێژایی مێژوو، ھەر نەتەوە و وڵاتێک بە کاری قورس و خۆ باشترکردن و ھەوڵی جددی گەورە بووە و گەشەی کردووە، لە کاتێکدا ھەمیشە لە ناوچوون و پاشەکشە لە زیادەڕەوی وکەمتەرخەمی و لەڕێلادانەوە سەرچاوە دەگرێت. کار کرداری خۆشگوزەرانی بۆ میللەت دەھێنێت و قسەی ناڕاست دەیخاتە مەترسییەوە. پارتی کۆمۆنستی چین پابەندە بە ڕێبازێکی سیستماتیکی لە بەڕێوەبردنی چەندین پەیوەندی لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان ئابووری و کۆمەڵگا، حکومەت و بازاڕ، کارایی و دادپەروەری، جووڵەگەری و ڕێکوپێکی، و گەشەپێدان و ئاسایش. ھەروەھا پێویستە بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی ھەرێمەکان، لە نێوان پارێزگا پێشکەوتووەکانی کەنارە دەریایەکان و پارێزگا کەم گەشەسەندووەکان، و لە نێوان پلاندانانی ستراتیژی پیشەسازییەکان و گەشەپێدانی ھەرێمی ڕێکخراودا بکەیت. 

ئەرکی گرنگی سەرکردە باڵاکان ئەوەیە کە خودی خۆیان خاوەنی ڕەوشت و بەھای شۆڕشگیریبن بۆ ئەوەی ببنە نموونەیەک بن بۆ ئەندامانی تری پارتەکە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا "٨ یاسا"ی بەناوبانگ لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی  کۆمۆنستی چین پەسەندکرا بە ئامانجی پێشخستنی شێوازی کارکردن وچارەسەرکردنی پرسە سەختەکان وەک فۆرمالیزمی و بیرۆکراسی. لەو کاتەوە ئەرکی سەرکردایەتی پارتەکە بووە ئەرکێکی گرنگ و درێژخایەن، لە نیشاندانی ئیرادەیەکی بەھێز بۆ وەرگرتنی ڕابەرایەتی لە پێشکەشکردنی نموونەکان. بە درککردن بەوەی کە ئەمە شەڕێکی سەخت و درێژخایەنە، پارت نەک تەنھا جەخت لەسەر بەھێزکردنی ئاڕاستەی ھزری ئایدیۆلۆجیایی دەکات، بەڵکو جەخت لەسەر ڕێساکانی ڕەفتار و لێپرسینەوەی ڕێکوپێکی دەکاتەوە. ھەندێک لە دۆسیە باڵاکانی گەندەڵی دادگایی و ئاشکرا کراون. دوای دە ساڵ لە ھەوڵدان، توانیمان کۆتایی بە ھەندێک پرسی چەسپاو بھێنین کە ساڵانێکی زۆرە بنبڕ نەکرابوون، و توانیمان خەڵک زیاتر ڕازی و دڵخۆش و دڵنیاتر بکەین. 

ھەرگیز لێبوردە نابین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی دیکەی ناو پارتەکە. ھەرکەسێک پێشێلی ڕێساکانی پارت و یاسا نیشتمانییەکان بکات، بەبێ گوێدان بە پۆستەکەی، بەپێی پێویست لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت. لە دوای ١٨ەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنستی چینەوە، زیاتر لە ٥٠٠ کادیر لەسەر ئاستی وەزاری یان سەرووتر دادگایی کراون و زیاتر لە ١٥%یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندین. لیژنەکانی پشکنینی ڕێکوپێکی لەسەر ئاستی ناوەندی و ناوخۆیی نەک تەنھا لێکۆڵینەوە لە کەیسە باڵاکان دەکەن، بەڵکو لە بنەڕەتەوە ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە. لەھەمان کاتدا، ھەموو بەشەکان و دامەزراوەکان ھەر پێنج ساڵ جارێک پشکنینی سیاسییان بۆ دەکرێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت کێشەکان دەستنیشان بکرێن و بەو پێیە چارەسەرکردن پەیڕەو بکرێت. 

پارتەکەمان ساڵانە چالاکیی پەروەردەیی چڕ ئەنجام دەدات بە مەبەستی یەکخستنی تێگەیشتنی ھزری ئایدیۆلۆجیای ھەر ئەندامێک، و باشترکردنی یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکانی پارت، و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات لەناو قەوارەیەکی دامەزراوەیی. ئەمساڵ تیشک دەخەینە سەر رێکوپێکی بەرنامەی فێربوون و پەروەردەکردن لەناو پارت، کە بۆ ماوەی ٤ مانگ بەردەوام دەبێت. پێویستە ھەموو ئەندامانی پارت ڕێسای تازە ھەموارکراوی پارتی کۆمۆنستی چین سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی تەمێکردن بخوێننەوە. مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ھەموو ئەندامانی پارتەکەیە بۆ پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان.  

چارەسەری ئەو بەرەنگاریە ناوازانەی کە پارتێکی گەورە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ناتوانرێت لە شەو و ڕۆژێکدا بدۆزرێنەوە و بەدەست بھێنرێن، و پێویستیان بە گەڕانێکی سەخت و درێژخایەن ھەیە. لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٥ دامەزرێنەری کۆمەڵەی دیموکراتی چینی بەڕێز ھوانگ یانپێی سەردانی ماو زێتۆنگی کرد لە ئەشکەوتەکەی لە یانان. ھوانگ ھیوای خواست کە ئەو حکومەتە نوێیەی کە لەلایەن پارتی  کۆمۆنستی چینەوە دادەمەزرێت، سووڕی مێژوویی ڕژێمە کۆنەکان بشکێنێت کە "بەھەمان ئەو خێراییەی کە تێیدا سەریھەڵداوە بەشێوەیەکی کتوپڕ کەوتۆتە خوارەوە". ماو لە وەڵامدا وتی، "ئێمە ڕێگایەکی نوێمان دۆزیوەتەوە بۆ ڕزگاربوون لەو سووڕە. تا خەڵک توانای سەرپەرشتیکردنی حکومەتیان ھەبێت، ناوێرین ھەوڵەکانمان خاو بکەینەوە." ئێستا پارتەکەمان وەڵامی دووەمی بۆ ئەم پرسیارە دۆزییەوە، ئەویش خو و نەریتی شۆڕشگێرییە. 

جیھان پێی ناوەتە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەک، لەگەڵ بەردەوامی گەشەسەندنی جیھانگیری، ھەموو وڵاتێک ڕووبەڕووی چەندین جۆری بەرەنگاری دەبێتەوە. ئێستا لە ھەوڵی گەشبوونەوەی نەتەوەیی بە ڕێگا ناوازەکەی بەرەو نوێخوازی لە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە، چین ھەمیشە پابەند بووە بە بنەمای فرە جەمسەری جیھانی و دیموکراتیکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. پارتی کۆمۆنستی چین ئامادەیە گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەی جیھان بکات، لەنێوانیاندا عێراق، بەجۆرێک کە ئاڵوگۆڕ و ھەماھەنگی بەرەوپێش ببەین، ئەزموونەکانمان لە حوکمڕانی پارت و وڵات ھاوبەش بکەین، لەڕووی شارستانییەتەکانەوە لەیەکتر فێربین، تواناکانی سەرکردایەتی و حوکمڕانی باشتر بکەین، پێکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتنی یەکتر، پشتگیری یەکتر و یارمەتیدانی یەکتر بۆ سەرکەوتن کاربکەین. بە ئەنجامدانی ھەموو ئەمانە بەیەکەوە، ھیوادارین کۆمەڵگایەکی جیھانی خاوەن داھاتوویەکی ھاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بونیاد بنێین.