لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی ئیسلامی پێشوازی لە جەژنی رەمەزان كرا
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٥
لە زیاتر لە شەش هەزار مزگەوتی هەرێمی كوردستان نوێژی جەژن كرا و مەراسیمەكانی پێشوازی هاووڵاتییان لە جەژن دەستی پێ كرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی ناوچەكە لەوانە سعودیە، توركیا، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و كوەیت، مسوڵمانان پێشوازییان لە جەژنی رەمەزان كرد و لە مزگەوتەكان نوێی جەژن كرا.
نوێژخوێنان دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن پیرۆزبایی و گەردن ئازادییان لە یەكتر كرد. هیواشیان خواست جەژن ببێتە مایەی تەبایی و ئاشتی تەواوی گەلانی جیهان و كۆتاییهاتنی شەڕ.
ئەوەش لە كاتێكدایە، لە بەشێكی تر لە وڵاتانی ئیسلامی لەوانەش میسر و ئوردون و سوریا و ئیندۆنیزیا و ژمارەیەك وڵاتی تر ئەمڕۆ بە تەواوكەری مانگی رەمەزان دانرا و سبەی یەكەم رۆژی جەژنە.
ناكۆكی وڵاتانی ئیسلامی لەسەر دیاریكردنی یەكەم رۆژی جەژن پەیوەستە بە بینینی مانگ بەجۆرێك لیژنەی بینینی مانگ لە وڵاتانی ئیسلامی پێویستی بەوەیە بە روونی مانگ بەدی بكات بۆ ئەوەی كۆتا رۆژی مانگی رەمەزان و یەكەم رۆژی جەژن دیاری بكەن.