مۆزەخانەی لۆڤەر نۆژەندەکرێتەوە و مۆنالیزاش زیندانی دەکرێت
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند؛ لەبەر نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە، تابلۆی مۆنالیزا دەگوازرێتەوە بۆ ژوورێکی تایبەتمەند.
لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گەورە بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، لەژێر ناوی "ڕێنیسانسی نوێی لۆڤەر" کە دروستکردنی دەروازەیەکی گەورەی چوونە ژوورەوە لە نزیک رووباری سێن لەخۆدەگرێت.
ماکرۆن وردەکاری لەبارەی بودجەی پڕۆژەکەوە نەخستەڕوو، بەڵام خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە تێچووی ئەو مۆزەخانەیە دەگاتە 800 ملیۆن یۆرۆ.
لە دوای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردو، ئەمە دەبێتە دووەم جار لە مێژوودا کە مۆزەخانەی لۆڤەر نۆژەنبکرێتەوە.
ماکرۆن سەبارەت بە تابلۆ بەناوبانگەکەی مۆنالیزا، بە میدیاکانی وت؛ تا تەواوبوونی مۆزەخانەکە، مۆنالیزا دەگوازرێتەوە بۆ هۆڵێکی تایبەت، کە تەنها بە بلیتێکی تایبەت دەتوانرێت ببینرێت.
بەشێک لە هونەردۆستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبوویان لۆڤەر مۆنالیزا زیندانی دەکات؟! ئەمەش وەک سەرنجێک لەسەر وتەکەی ماکرۆن.
تابلۆی مۆنالیزا، کە لەلایەن وێنەکێشی بەناوبانگی جیهان، داڤینشییەوە دروستکراوە، لە ئێستادا لە پشت شووشەیەک کە بۆ پاراستنی دانراوە، نمایشدەکرێت و لە گەورەترین هۆڵی مۆزەخانەی لۆڤەر دانراوە.
هۆڵەکە پڕە لە ریزی درێژ و ژاوەژاوی سەردانیکەران کە ریزیان گرتووە بۆ گرتنی وێنە لەگەڵ پێکەنینە بەناوبانگەکەی مۆنالیزادا. ئەم قەرەباڵغییە وایکردووە بەشێک لە کارەکانی دیکەی ناو هۆڵەکە، وەک تابلۆکانی هونەرمەندانی ڤێنیسیایی، تیتیان و ڤێرۆنیز، کەمتر دەربکەون و نەبینرێن.
مۆزەخانەی لۆڤەر لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە دوایین نۆژەنکردنەوەدا گەورەکرا بۆ ئەوەی ساڵانە4 ملیۆن سەردانیکەر لەخۆبگرێت، بەڵام تەنها ساڵی ڕابردوو 8.7 ملیۆن کەس سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە، کە زیاتر لە %75یان گەشتیارانی بیانی بوون لە ئەمریکا، چین، ئیتاڵیا.
ماکرۆن ئەوەشی وت؛ کە دەروازەیەکی نوێی چوونە ژوورەوە بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر لە نزیک رووباری سێن دروست دەکرێت.
پڕۆژەکە لە رێگەی فرۆشتنی بلیت و پاڵپشتی دارایی سپۆنسەرەکانی مۆزەخانەکە و داهاتی لقی لۆڤەر ئەبوزەبی دابین دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگی داهاتوودا پێشبڕکێیەک بۆ دیزاینکردنی ئەم دەروازە نوێیە سازدەکرێت، جگە لەوەش چەند شوێنێکی ژێرزەمینیی نوێ بۆ فراوانکردنی مۆزەخانەکە دروستدەکرێت.
هەروەها ماکرۆن ڕایگەیاند کە نرخی بلیتی مۆزەخانەی لۆڤەر بۆ سەردانکەرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە 22 یۆرۆوە بۆ بڕێکی زیاتر بەرز دەبێتەوە.
نیوەی بودجەی مۆزەخانەی لۆڤەر لە لایەن حکومەتی فەرەنسا دابین دەکرێت، بەشێکی بودجەکە بۆموچەی دوو هەزار و 220 کارمەندی مۆزەخانەکە دەچێت. نیوەکەی تر لە ڕێگەی سەرچاوە تایبەتەکانەوە دابین دەکرێت، لەوانە فرۆشتنی بلیت، داهاتی چێشتخانە و دوکانەکانی مۆزەخانەکان، کرێی شوێن بۆ بۆنە تایبەتەکان، سپۆنسەرکردن و هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکان.