زانایانی شوێنەوارناسی لە زانکۆی ئەودینی لە ئیتاڵیا، شوێنەواری کەشتییەکیان دۆزییەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ بەر لە زایین. 

زانایانی شوێنەوارناسی ئیتاڵیا کەشتییەکەیان لە کەناراوەکانی سانتا ماریا دیل فۆکالۆ دۆزیوەتەوە، کە شەش مەتر لە ژێر لم و بەردەوە بووە و بەپێی وتەی ئەو زانایانە تەمەنی کەشتییەکە دوو هەزار و ٥٠٠ ساڵ دەبێت.

زاناکان دیزاینی دروستکردنی کەشتییەکەیان باسکردووە و دەڵێن بە تەکنیکێکی سەرەتایی دروستکراوە و ماددەی سەرەکی کە تێیدا بەکارهێنراوە تەختەیە و سەرەتا چوارچێوەکەی دروستدەکرێت پاشان رووپۆش دەکرێت.

ئەو شێوە دیزاینکردن و دروستکردنەی کەشتی، بەتایبەت لەو شوێنانە باو بووە کە کەوتوونەتە سەر دەریای سپی و دەریای ناوەڕاست و شێوەی دروستکردنەکەی ئاسانە و لە پارچە تەختەی بچووک دروستدەکرێت، هەروەها کاتی کەمی پێویستە.

ئەو زانایانە دەشڵێن، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە ئەو کەشتییە لەناو ئاو و لمدا ماوەتەوە، بەڵام لەرێگای وێنەی سێ دووری و چەند تەکنیکێکەوە دەتوانن لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکەن و تێبگەن لەوەی پێکهتاە بنەڕەتییەکانی کەشتییەکە چین.