ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی محەمەدی ماملێدا تێدەپەڕێت
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ 26 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی محەمەدی ماملێدا تێدەپەڕێت، ئەو هونەرمەندەی دڵێکی لای ئازادی و نیشتمانپەروەری بوو و دڵێکی لای هونەرەکەی.
ئەو بەئەڤین و سۆزێکی کوردانەوە، لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە دەرکەوت و لە محەمەدی کوڕی میرزا سەعیدەوە بە ماملێ ناسرا، ناو و دەنگی ئەو بوون بە ئەڤینی هاوبەشی نێوان گوێگرانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وەک هونەرمەندێکی گەورە لە سەرانسەری وڵاتدا ناسرا.
محەمەدی ماملێ كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ "مام عەلی" لە ساڵی 1925 له بنەماڵەیەكی پیشەكار، هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە گەڕەكی هەرمەنییانی شاری مهاباد لە دایكبووە.
میرزا سەعیدی باوكی هەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بەهۆی هونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شیعرخوێنی "بەتایبەت وەفایی" لە كۆڕ و كۆزیلكەی عارفانەی خانەقای شەمزینان، رێزێكی زۆری لێگیراوە و لە گەڕەك و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.
هەروەك لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لەگەڵ هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی، كە له ساڵی 1932دا هاتووەتە موكریان و لە باخی "میرزا شەریفی حاجی رەشید" بۆ خەڵكی مهاباد گۆرانی وتووە.
گەرچی بنەماڵەی ماملێ، لە ناوچەکەی خۆیاندا بە دەنگ خۆشی بەناوبانگ بوون، بەڵام هیچیان نەیانتوانی وەک ماملێ، بە گۆرانی و هونەرەکەیان سنوورەکان ببڕن و ببنە پێکهێنەری بەشێک لە کولتوری هونەری نەتەوەکەیان.
ماملێ چ وەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی و چ وەك كەسایەتی هونەری، هەم لە رژێمی پاشایەتی "رەزا خان 1925-1941" و "حەمەڕەزا پەهلەوی 1941-1979"دا و هەم لە رژێمی ئیسلامی ئێران لەساڵی 1979، توانی بە شێوەیەكی گونجاو، نەک تەنیا ئەو لەنگەره رابگرێ و لەسەر هونەرەکەی بەردەوام بێت، بەڵكو وەك هونەرمەندێكی ئازادیخواز و گەلپەروەر لە ساڵی 1968 زیندانیش کرا.
ماملێ لەماوەی ٥٦ ساڵی ژیانی هونەرییدا نزیكەی 328 گۆرانی تۆمار كردووە، لە ساڵی ١٩٩٤یشدا دوایین گۆرانی خۆی تۆمار كرد و ئیتر، بەهۆی نەخۆشییە سەختەکەیەوە هەتا پێنج ساڵی دواتر، لەناو بێدەنگیدا ژیا و لە 23ی 1ی 1999 کۆچی دوایی کرد.
ماملێ جیاواز لە زۆرێک لە هونەرمەندان، تەنیا دەنگ خۆش نەبووە، ئەو شیعر ناسێکی باشبووە و لە هەڵبژاردنی شیعرەکانیدا هەمیشە سەلیقە و ئاوەزێکی بەرزی ئەدەبی بینراوە.
هەر ئەم شارەزاییەی ئەو لە ئەدەبیات، وایکردووە بەرهەمەکانی هەم لەلای ئەو گوێگرانەی چێژ لە ئاواز دەبینن پەسەند بێت و هەم ئەوانەشی گرنگی بە وشە و هەڵبەست دەدەن.
هاوکات، نزیکی ماملێ له هێمن موکریانی و شاعیره ناودارهکانی موکریانهوه و وتنهوهی شیعره نیشتیمانییهکانیان دهریدهخات که ماملێ ههمیشه بهشێکی دڵی لای سهربهستی و بهواتایهکی تر لای سیاسهت و بهرهنگاری بووه.
ئامینە خان هاوسەری ماملێ، كە 18ی 12ی 2021 كۆچی دواییكرد، زیاد لە 40 ساڵ لەگەڵ هونەرمەند ماملێ ژیاوە، ئەو دەربارەی ئەوساڵانە دەیوت: بەختەوەرترین رۆژانی ژیانم ئەو كاتانە بوو كە لەگەڵ ماملێ بووم، ئەو هەمیشە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، خەڵكێكی زۆر لەهەر چوار پارچەی كوردستان رێزێكی زۆرمان لێدەگرن، بەڵام هیچی ناكاتە ئەوەی كە ئەو ئێستا لەنێوماندا بوایە.
ئامینەخان تاوەکو مردنیشی، وێنەیەكی ماملێی وەك ملوانكە بۆ هەمیشە لەملدا بوو، لەوبارەیەوە دەیوت، "ئەوە خۆشەویستی منە بۆ ئەو، سومبولێك بوو بۆ خۆشەویستی و جوانی، لە ژیانم كەسم وەك ئەو نەبینیوە، خۆزگە چەند ساڵێكی دیكە تەمەنی بوایە و لەگەڵمان بژیایە، من ئەوەندە ساڵەی لەگەڵی ژیام زۆر بەخێرایی تێپەڕی".
ئەمڕۆ، دەبێتە 26ساڵ کە ماملێ کۆچی دوایی کردووە، بەڵام تا ئێستاش دەنگی ئەو، وەک بەشێک لە سۆزێکی ئەبەدی و هونەرێکی بەرز، لە گوێی گوێگرانیدا ماوەتەوە و یاد دەکرێتەوە.