کۆمپانیاکانی ژاپۆن بەدەست تەمەندرێژی دانیشتوانی وڵاتەکەوە دەناڵێنن
هەساو ئەمیر
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لەگەڵ ئەوەی تەمەندرێژی خەونێکە زۆرکەس ئاواتی بۆ دەخوازن، بەڵام کۆمپانیاکانی ژاپۆن بەدەست تەمەندرێژی دانیشتوانی وڵاتەکەوە دەناڵێنن و باس لەوەدەکەن، بەشێکی زۆری دانیشتوانی ژاپۆن بەتەمەنن و وڵاتەکە گەنجی کەمە، ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر ئیشوکاری ئەوان.
حکومەتی ژاپۆن ئاماژەی بەوەکردووە، گرفتی کەمی دەستی کاریان هەیە لە وڵاتەکەدا، بەتایبەت لەو کۆمپانیایانەی کە شێوەی کارکردنیان بە جۆرێکە زیاتر پێویستیان بە گەنجە یان کۆمپانیای بچووکن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی کەمی کرێکار لە وڵاتەکەدا بە جۆرێکە، پێشتر نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە و نیگەرانن لەوەی رێژەکە لە ساڵانی داهاتوودا ئەوەندە زیاد بکات کاریگەریی لەسەر گەشەی ئابووری ژاپۆن هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای "تێیکۆکو دەیتا بانک" ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا رێژەی کەمی کرێکاریان بە رێژەی ٣٢٪ بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک ٣٤٢ کارمەندیان کەم بووە.
هاوکات، زۆرینەی کۆمپانیاکانی دیکەش باس لەوەدەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٤دا رێژەی کرێکاریان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی گرفتیان لە ئیش و کارەکانیاندا بۆ دروست ببێت.
ژاپۆن یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کەسانی بەتەمەنی تێدایە و تاوەکو مانگی ٩ی ساڵی رابردوو ریکۆردی جیهانی شکاند بەوەی، ٩٥ هەزار و ١٠٠ کەسی وڵاتەکە تەمەنیان گەیشتووەتە ١٠٠ ساڵ و زیاتر.