ئەو کەشتییە لەلایەن کۆمپانیای "ئینچیوتڤ مەشینز" دروستکراوە و یەکەمین جارە کە ئەمریکا لە دوای ساڵی ١٩٧٢ و لە دوای سەردەمی ئەپۆلۆ دەگەڕێتەوە سەر مانگ. 

ھەرچەندە پەیوەندی ئەو کەشتییە بە زەوییەوە لەسەرەتاوە پچڕ پچڕ بووە، بەڵام کۆمپانیاکە رایگەیاندووە بە شێوەیەکی جێگیر نیشتووەتەوە.  

ئەو کەشتییە چەند پێداویستییەکی زانستی و نمونەی تەکنەلۆژی سەر بە ئاژانسی فڕۆکەوانی و گەردوونناسی ئەمریکی "ناسا"ی ھەڵگرتووە، لەگەڵ چەند بریکارێکی بازرگانی. 

بەشێوەیەکیش دروستکراوە کە بۆ ماوەی ٧ رۆژ بە وزەی خۆر کار دەکات و زانیاری لەسەر رووی مانگ و زانستی گەردووناسی لاسلکی و ژینگەی مانگ کۆدەکاتەوە، ئامانج لەو گەشتەش بۆ دۆزینەوەی ئاو و سوتەمەنی و دابینکردنی شوێنەێکە بۆ کەشتیوانە ئاسمانییەکان لەسەر مانگ بۆ داھاتوو. 

ئەو کەشتییە ھەفتەیەک بەر لە ئێستادا لەڕێی مووشەکی "فالکۆن ٩" لە دروستکەری کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" لە ناوەندی گەردوونی کینیدی سەر بە ناسا لە ویلایەتی فلۆریداوە ھەڵدراوە.