سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، كار بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەن لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازی لە ئاڵپ ئەرسەلان وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا كردوە و جەختیكردووەتەوە، بەغداد كاردەكات بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەتیش لەگەڵ كۆمپانیا توركییەكان كە لە كەرتە جیاوازەكاندا لە عیراق كاردەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عیراق كار بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات لە رێگای بەندەری جەیهانی توركییەوە.

هاوکات وەزیری وزەی توركیاش رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامانجییەتی لە عیراق كاری هاوبەشی لەگەڵ بكات لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكاندا، لەناویشیاندا هەناردەكردنی نەوتی بەسرە لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا.