قوباد تاڵەبانی: یادکردنەوەی زامی هەڵەبجە و ئەنفال و ئازارەکانی دیکە بۆنەیەکن بۆ بیرکردنەوە لەبوون و مێژوومان
هەساو ئەمیر
١٦ی ئازاری ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یادکردنەوەی زامی هەڵەبجە و ئەنفال و ئازارەکانی دیکە بۆنەیەکن بۆ بیرکردنەوە لەبوون و مێژوومان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەدا رایگەیاند، "یادکردنەوەی زامی هەڵەبجە و ئەنفال و ئازارەکانی دیکە تەنها یادکردنەوەیەکی سادە نین، بەڵکو بۆنەیەکن بۆ بیرکردنەوە لەبوونمان و لە مێژوومان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوانە بۆنەیەکن بۆ تێڕامان لەو کارەسات و نەهامەتییانەی بەسەر میلەتەکەماندا هاتووە و بۆنەیەکیشن بۆ تێگەیشتن لە هاوچارەنووسیمان وەک گەلی کورد بەبێ جیاوازی".
ئەمڕۆ 37 ساڵ بەسەر کیمیایی بارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، ئەو تاوانەی چەکی کیمایی قەدەغەکراوی بەرامبەر بە کورد تێدا بەکارهێنرا و بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتیی شەهید و بە سەدانی دیکەش بریندار بوون.