عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق، رایگەیاند؛ کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو چەند شەپۆلە بارانەی لە ماوەی رابردوودا ناوچەکەی گرتبووەوە، یەدەگی ئاوی عیراق بە رێژەی 300 ملیۆن مەتر سێجا لە بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکاندا زیادیکردووە.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان ئاشکرای کرد کە "لەئێستادا توانیومانە 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکانماندا بەدەستبهێنین، هەروەها 200 ملیۆن مەتر سێجای دیکەش لە دەریاچەی تەرتار و چەند سەرچاوەیەکی دیکە سوودی لێبینراوە."

هەر بەپێی لێدوانەکەی وەزیر، ئەو چەند شەپۆلە بارانە سوودێکی زۆری بە جوتیاران و کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە، بەجۆرێک کە جوتیاران کەمترین جار پێویستیان بە ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بووە.

ئەم زیادبوونە لە یەدەگی ئاو، سەرەڕای دۆخی کەمئاوی کە لە ساڵانی رابردوودا ناوچەکەی گرتبووەوە، هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاو لە عیراق.