بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا خشتەی بودجە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
١٤ی ئازاری ٢٠٢٥
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا خشتەی بودجەی گشتی عیراق رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا خشتەی بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025 كە بەشێكە لە بودجە سێ ساڵییەكە و بە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2023 پەسەندكراوە، بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەش لە كاتێكدایە حكومەت دڵنیایی دەدات كە هاوسەنگی لە نێوان خەرجییەكان و وەبەرهێناندا دروست دەكات.
وتیشی، بودجە پشت بە دوو بەشی سەرەكی دەبەستێت، یەكەمیان بەكاربردن كە لە 64% تا 70%ـی كۆی سەرجەم خەرجییەكانی عیراق پێكدێت و موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، دووەمیشیان وەبەرهێنانە كە بریتییە لە پشتیوانیكردنی پرۆژەكانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری.
ئاماژەی بەوەشكرد، خەرجی عیراق بە گشتی 200 ترلیۆن دینارە، لەگەڵ كورتهێنان بە رێژی 64 ترلیۆن دینار ئەوەش لە كاتێكدا ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 70 دۆلار یان كەمتر داببەزێت.