21ی شوباتی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک دادەنرێت لە جیهاندا، کە بە چالاکی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهان یادی دەکرێتەوە. زمانی کوردیش یەکێکە لەو زمانانەی گرنگی خۆی هەیە و لە پۆلێنکارییەکاندا سەر بە گەورەترین خێزانی زمانە.

زمان ئەو ئامڕازێکی گرنگە بۆ پاراستن و هێشتنەوە و گواستنەوەی مێژوو و کلتووری وڵاتان و گەشەسەندی بەردەوام لە پەروەردە و رۆشنبیری کۆمەڵگەدا.

یونسکۆ ساڵی 1999 رۆژی 21ی شوباتی بە رۆژی زمانی دایک دانا و ئەمساڵ 26 ساڵە ئەو یادە لە سەرانسەری جیهاندا بە چەندین چالاکی جۆراوجۆری کلتووری و رۆشنبیری و فەرهەنگی دەکرێتەوە و چەندین توێژینەوەی نوێ لەبارەی زمان لەو رۆژەدا بڵاودەکرێنەوە.

بەپێی ئاماری یونسکۆ هەشت هەزار و 324 زمان لە جیهاندا هەن و نزیکەی حەوت هەزاریان هێشتا بەکاردێن و قسەیان پێدەکرێت. زمانی کوردیش لە ریزبەندی 100 زمانی یەکەمدایە.

دیاریکردنی رۆژی 21ی شوبات بۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆپیشاندانەی کە لە ساڵی 1952 خوێندکارانی زانکۆی دەکای بەنگلادیش و چەند بزوتنەوەیەکی ئەو کاتە ئەنجامیاندا بۆ بەرگریکردن لە زمانی بەنگالی و بەکارهێنانی لە کاروباری حکومەتدا، کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە چوار خوێندکار لەلایەن پۆلیسی وڵاتەکەوە کوژران.

زمانی کوردی و گرنگییەکەی لەسەر ئاستی جیهان

زمانی کوردی هاوشێوەی زمانەکانی دیکەی جیهان گرنگی خۆی هەیە و لە ئێستادا زیاتر لە 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا قسەی پێدەکەن. بەپێی توێژینەوەکان، سەر بە گەورەترین خێزانی زمانە کە هیندۆ ئەوروپییە. ئەگەر چی ئەوانە زانیاری رەسمی و دانپێدانراون، بەڵام رەنگە لەچاو ئەو توێژینەوانەی ئێستا لەسەر زمانەکە و خاکی کوردەکان ئەنجام دەدرێن، حەقی خۆی پێنەدابێت و دوور نییە لە داهاتوودا گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.

زمانی کوردی گرنگییەکی زۆری هەیە، بەوپێیەی ئێستا چەندین سەرچاوەی مێژوویی باس لەوەدەکەن، کوردستان لانکەی مرۆڤایەتی و سەرهەڵدانی چەندین شارستانییەتی جیاوازە. بەوپێیەی لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین شوێنەواری مێژوویی گرنگ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دۆزراونەتەوە، کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هەزار ساڵ بەر لە زایین، وەک شوێنەواری گرێ ناڤۆکێ- گۆبەکلیتەپە 'خەرابڕەشک' لە باکوور کە بە خاڵی سفری ژیان یان خاڵی دەستپێکی مێژوو ناودەبرێت و تەمەنی زیاتر لە 12 هەزار ساڵ بەر لە زایینە.

یانیش لە سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی کامبریج و لیڤەرپوڵ وێنەی رووخساری ژنێکی ٤٠ ساڵەی نیاندەرتاڵیان دروستکردەوە، کە نزیکەی ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە. کە ئێسکەکان لە ساڵی 2018ـەوە دۆزرابوونەوە و کاریان لەسەرکرابوو، تاوەکو دواجار ساڵی رابردوو توانیان شێوەکەی دروستبکنەوە.

ئەو زانایانە باسیان لەوەکرد، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو ژنە لە 40ـەکانی تەمەنیدا بووە و پێدەچێت بەهۆی تاشەبەردەوە ئێسکەکانی پارچە پارچە بووبن و گیانی لەدەستدابێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر شانەدەر کراوە، مرۆڤی ئەو کاتە خێزانیان پێکهێناوە و مردوویان بە خاک سپاردووە و گوڵیان لەسەر گۆڕی مردووەکانیان داناوە.

لەلایەکی دیکەوە هەر لە مانگی ئایاردا، وێنەی هەڵکۆڵڕاوی جەنگاوەرێک لەسەر شاخی خۆشکی گەرمیان دۆزرایەوە، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. کە وێنەی سەربازێک نیشاندەدات وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن و قاچی لەسەر دیلێک داناوە، ئەوەش دووەم شوێنەواری هەڵکۆڵڕاوە لە کوردستاندا دۆزرابێتەوە.

 

ئەم دۆزینەوانە و چەندین دۆزینەوەی دیکەی مێژوویی ئەوە دەردەخەن کە خاکی کوردستان لە دەیان هەزار ساڵ بەر لە زایینەوە مرۆڤی تێدا ژیاوە و ئەو مرۆڤانە پەیوەندی کۆمەڵایەتییان دروستکردووە و خێزانیان پێکهێناوە، دواتریش لە ئەشکەوتەکان هاتوونەتە دەرەوە و بەرەو پێکهێنانی گوند و شارستانیەت هەنگاویان ناوە. کە ئەمەش گرنگی زمان روون دەکاتەوە لە کوردستاندا.

ئەگەرچی ئەو زمانە کوردییەی ئێستا قسەی پێدەکرێت لەگەڵ ئەو مێژووە دوور و درێژەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام دەرخەری ئەوەیە بنەچەی زمانی کوردی لەگەڵ ئەو مێژووەدا لەم ناوچەیەدا هەبووە و پەرەی سەندووە، لەگەڵ کۆچکردنی مرۆڤەکانی ئەو کاتەشدا بەشێکی کلتور و زمانی خۆیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی چواردەور و جیهان.

زمانی کوردیش بە یەکێک لە زمانە "خواکردییەکان" دادەنرێت نەک "خودکردیی" چونکە بەتەواوی تەبایە لەگەڵ سروشت و لەکاتی ناوهێنانی هەر شتێکدا هاوتای وێناکردنەکەیەتی.

توێژەران بەشێکی هۆکاری ئەو یەکانگیرییەی زمانی کوردی لەگەڵ سروشت بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە و سروشتی خاکی کوردان پاڵنەر بووە بۆی، بۆیە سروشت رەنگی داوەتەوە هەم لەسەر زمان و شێوەی دەربڕین، هەم لەسەر دەروون و چۆنییەتی دروستبوونی کەسایەتی تاک لەم ناوچەیەدا.