22 ساڵ بەسەر شەهیدكردنی  شەوكەتی حاجی موشیر و هاوڕێكانیدا بەدەستی تیرۆریستانی ئەنسارولئیسلام تێدەپەڕێت.
ساڵی 2003 كاتێك یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە شەڕێكی چەند مانگیدابوو لەگەڵ تیرۆریستانی ئەنسارولئیسلام لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان، شەوكەتی حاجی موشیر فەرماندە و تێكۆشەری یەكێتی، سەرۆكایەتی وەفدی دانوستانی حزبەكەی دەكرد بۆ كوژانەوەی ئەو ئاگرەی كە بەرۆكی ناوچەكەی گرتبوو.
سەرەڕای نەبونی دڵنیایی لایەنی بەرانبەر و مەترسی دۆخەكە، بەڵام شەوكەتی حاجی موشیر و هاوڕێكانی ویستیان چیتر ناوچەكە گیرۆدەی تیرۆر و تۆقاندن نەبێت ‌و ئاسایش بەرقەرار بێت، ئەگەرچی هەوڵ و خەباتی ئەوان‌ و هەڤاڵەكانیان توانی سەقامگیری بە ناوچەكە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بدات، بەڵام خۆیان بوونە قوربانی ئەو رێگەیە ‌و لەكردەوەیەكی ترسنۆكانەدا ئێوارەی 8ی شوباتی 2003 لە گوندی گامیش تەپەی شارەزوور ناپاكییان بەرانبەر كرا و  لە كردەیەكی غافڵگیرانەدا تیرۆكران. 
ئەو رووداوەی گوندی گامێش تەپە كە تیایدا شەوكەتی حاجی موشیر و هەردوو فەرماندە سەردار غەفور سلێمان‌ و حیكمەت حاجی عوسمان ‌و چەند هاووڵاتییەكی گوند‌ و خانەخوێی كۆبوونەوەكە شەهیدكران، توڕەبوونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكای لێكەوتەوە، بەجۆریچك كە هەوڵەكانی زیاتر چڕكرانەوە بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی ئەنسارولئیسلام و ئازادكردن و پاككردنەوەی ناوچەی هەورامان لە تیرۆرو تیرۆریستان.
قەدەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاوا بووە كە لە كاروانی تێكۆشاندا هەم بۆ رزگاریی و سەرفرازیی خاك و هەمیش بۆ ئاشتی و ئارامی خەڵك، دەبێت نرخێكی گرانی خوێن بدات و رۆڵە دەستەبژێرەكانی خۆی بكاتە قوربانی بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجە.
شەوكەتی حاجی موشیر رۆڵەی یەكێك لە بنەماڵە ناودارەكانی عەشیرەتی جافە و ساڵی 1947 لە گوندی تەپی سەفای شارەزوور لەدایك بووە.
لەبەر ئاڵۆزیی دۆخی كوردستان كۆتایی ساڵی 1968 وازی لەخوێندن هێناوەو پەیوەندیكردووە بە ڕیزەكانی شۆڕشەوە، پاشان كراوەتە لێپرسراوی كارگێڕیی لە بەتالیۆنی هەڵەبجە.
ساڵی 1976 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دووجار دەستگیر كراوە و پاشان ئازاد كراوە، هەر هەمان ساڵ هاوسەر و منداڵەكانی لەگەڵ باوكیدا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەسگیركراون و زیاتر لە دوو ساڵ لە زیندانەكانی خوارووی عیراقدا بەندكراون.
شەوكەتی حاجی موشیر لەكۆتایی مانگی حوزەیرانی 1976دا لەگەڵ شەش هاوڕێی تریدا بەبڕیاری سەركردایەتی كۆمەڵە، یەكەم دەستەی چەكداری شۆڕشی نوێیان دروستكرد.
لە ڕاپەڕینە گەورەكەی بەهاری ساڵی 1991دا شەوكەتی حاجی موشیر ڕۆڵی بەرچاوی هەبووەو ئەندامی لیژنەی سەركردایەتی بووە بۆ ئازادكردنی شاری كەركوك و لەو پێناوەشدا بەشداری چەندین شەڕی گەورەی كردووە.