د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێككەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی سكای نیوزی بەریتانی رایگەیاند، پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و عیراق ئاساییە و كێشەكانیش شیاوی چارەسەرن، بەڵام نەبوونی یاسای نەوت و غاز هۆكاری بەشێك لە كێشەكانە.

د.لەتیف رەشید لەمیانی چاوپێكەوتنەكەی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، دەستێوەردانی هەندێك وڵاتی ناوچەكە لەسەر ناوچەكانی دیكە هەیە، بۆ نموونە لە عیراق دەستێوەردانی توركیا هەیە و پێویستە بە زوترین كات كۆتایی بێت.

سەرۆك كۆمار باسی لە پڕۆسەی وەبەرهێنان كرد و وتی، وەبەرهێنەران لە هەموو جیهانەوە دێن بۆ عیراق، بە تایبەت لە ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی. هەروەها بە شێوەیەكی باش لە چین و بەریتانیا و ئەمریكاوە دێن و رەوشی ئێستای وڵاتەكە دەبینن، كە عێراقێكی سەقامگیرە بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی.

د.لەتیف رەشید دڵخۆشی خۆی بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و وتی، سەردانی ژمارەیەك پارێزگای لە هەرێمی كوردستان و باشوور و ڕۆژئاوای عیراق كردووە و ئەو پێشكەوتنەی كە لە پارێزگاكاندا هەیە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابورییەوە، پەیوەستن بە بوونی ئاسایش و سەقامگیرییەوە، بۆیە وەبەرهێنەر هەمیشە هەوڵدەدات لە شوێنێكدا كۆببێتەوە كە ئاسایش و سەقامگیری تێدا هەبێت.

سەرۆك كۆماری عیراق لە بارەی رووداوەكانی ناوخۆی سوریا، هیوای خواست سەقامگیری لە سوریا بەدی بێت و پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە مافەكانیان پارێزراو بێت. وتیشی، هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا شیاوی چارەسەرن.

د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، هەنگاوی جددییان سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەكان لەگەڵ سوریا ناوە، هیواشی خواست ئەو هەنگاوانەی ئەحمەد شەرع گرتوویەتەبەر بۆ گەلی سوریا بە هەموو نەتەوە و مەزهەبەكانەوە ئەرێنی بن.

سەرۆك كۆمار لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و بەغداد وتی، پەیوەندییەكانیان بەهێزە، تا ئێستا هیچ دەستوەردانێكی سەربازییان لە خاكەكەیاندا نەبینیوە. ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە عیراقدا سەربەخۆیی لە هەموو شتێك گرنگترە و بە پێی دەستوور، عیراق وڵاتێكی سەربەخۆ و دیموكراتییە.

د.لەتیف رەشید لە كۆتاییدا وتی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، وەك چۆن چەندین جار لە ڕێگەی لێدوانەكانییەوە رایگەیاندووە كۆتایی بە جەنگەكانی ناوچەكە و جیهان دەهێنێت، كێشەكانی نێوان وڵاتان چارەسەر بكات. ئەوەش بە تەنها لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتدا نییە بەڵكو لە بەرژەوەندی گەلانی جیهانیشدایە.