توركیا تەنها لە سێ ساڵی رابردوودا 58 بنكەی سەربازی لە هەرێم دامەزراندووە
ئاکام
٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند، وەزیری بەرگری توركیا لە ئەنكەرە لەگەڵ مەنسور بارزانی فەرماندەی هێزی تایبەتی پێشمەرگەی كوردستان كۆبونەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بنكە سەربازیەكی توركیا لە هەرێمی كوردستان لە زیادبوندایە.
وەزارەتی بەرگری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، یاشار گولەر وەزیری بەرگری توركیا پێشوازی لە مەنسور بارزانی فەرماندەیی لەشكری تایبەت و گوڵانی پێشمەرگەی كوردستان كرد، بە بێ ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان.
ئەم سەردانەی مەنسور بارزانی لە كاتێكدایە، چەندڕۆژێك بەر لە ئێستاش مەسرور بارزانی برای سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ هەریەك لە ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە و هاكان فیدان وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت كۆبونەوە، تێیدا ئەردۆغان دانی بەوەدانا كە كاری پێكەوەیی و هاوكاری ئەمنی بنەمای دانیشتنەكەیان بووە.
سەردانەكەی مەنسور بارزانی و مەسرور بارزانی لە كاتێكدایە كە زیاتر لە 400 گوندی بادینان بەهۆی لەشكركێشی و بۆردومانی بەردەوامی سوپای توركیاوە چۆڵكراون.
توركیا نزیكەی 100 بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و تەنیا لە سێ ساڵی رابردوودا 58 بنكەی سەربازی لە هەرێم دامەزراندووە و بە نزیكەیی 40٪ی دەڤەری بادینان كەوتوەتە ژێر دەستی توركیا.
ناوچەكانی كانی ماسی، شیلادزێ، دێرەلوك، ئامێدی، هرور، گەلی شێروانە، مەتینا، هەفتانین هەروەها برادۆست و چەندین گوند و ناوچەیەكی تر سەربازگەی هەمیشەیی توركیان و توركیا بەشێوەیەك رێكی خستون كە دەیەوێت بۆ هەمیشە لەو ناوچانەدا بمێنێتەوە.
لەو ناوچانە بنكەی سەربازی توركیای لێیە بەروبومی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵ فەتاون و جوتیاران ناتوانن لە كێڵگەكانیان كار بكەن.
گەورەترین لەشكركێشی توركیا لە دوای روداوەكانی 31 ئاب بوو لە ئۆپراسیۆنی چنگ یاخود چەكوشی دووەم لە 30ی كانوونی یەكەمی 1996.
توركیا بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراقی لەشكركێشی بۆ هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی عیراقی لە ساڵی 2022 سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركرد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەركردنی هێزەكانی لە خاكی وڵاتەكەی.