وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکارییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە مووچەی مانگی شوباتی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان.
هەرچەندە بەپێی خشتەی پێشتر راگەیەنراو، وابڕیاربوو رۆژی یەکشەممە (16)ی ئازار مووچەی مانگی شوباتی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەوە کە ئەو رۆژە دەکەوێتە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت: "بۆ ئەو بەڕێزانەی لەو ڕۆژەدا بەهۆی بەشداریان لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن، ڕۆژانی دواتر دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن".
شایەنی ئاژە پێدانە بەپێی خشتەی نوێی موچە کە وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، موچەی مانگی دووی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەوێتە ڕۆژی 16/3ەوە کە یادی کیمیا بارانی هەڵەبجەیەو ئەمەش ناڕەزایی کەسوکاری کیمیاباران و شەهیدانی لێکەوتەوە بەهۆی ئەوەی موچەی مانگی 2 لەمانگی سێداو لەو رۆژەشدا دابەشدەکرێت.