ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی کە دیارترینیان ھیومان رایتس وۆچ و فریدۆم ھاوسی ئەمریکین، راپۆرتێکیان بە ناونیشانی (رواندا ئەو وڵاتە نییە کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بانگەشەی بۆ دەکات) بڵاوکردوەتەوە و دەڵێن، راستە رواندا یەکێکە لە وڵاتە تازە گەشەسەندوەکانی جیھان و پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە روی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین و ئاسایش و ئارامی سەرجەم ئەو دۆسێیانەی دیکە کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە تاکی ئەو وڵاتەوە ھەیە، ھیچ بەرەوپێشچوونێک بەدینەھاتووە و لەو بوارانەدا بە یەکێک لە وڵاتە خراپەکان دادەنرێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، حکومەتی رواندا بەھیچ شێوەیەک رێگە بە بیروبۆچوونی دژ بە وڵاتەکەی نادات، تەنانەت رێگە بە دروستبوون و سەرھەڵدانی لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش نادات، ھەر کەسێکیش بە ئاراستەی دژ بە حکومەت ھەنگاو بنێت، زیندانی دەکرێت و لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەنووس و کەسایەتی سیاسی لە گرتوخانەکاندان بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێن، تەنھا ئەو کاتە رزگار دەکرێن کە بەڵێننامە پڕ بکەنەوە جارێکی تر لە دژی حکومەت قسە نەکەن، ئەمەش لە داھاتوودا دەبێتە مەترسییەکی گەورە لە سەر ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی بڕیارە لە بەریتانیاوە رەوانەی ئەو وڵاتە بکرێن، چونکە بەھیچ شێوەیەک رێگەیان پێنادرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان کە لە زۆربەی وڵاتان دەیکەن بۆ داواکردنی مافەکانیان.

ئەو رێکخراوانە لە بەشێکی تری راپۆرتەکەیاندا باس لەوە دەکەن، تائێستاش رواندا لە ژێر مەترسی گروپە چەکدارە توندڕەو و تیرۆریستییەکاندایە کە لە زۆربەی سنورەکانی ئەو وڵاتە بوونیان ھەیە و بەردەوام ھەڕەشەن لەسەر رواندا، کە ئەمەش جارێکی تر دەبێتە ھەڕەشەیەکی جدی لەسەر کۆچبەران، چونکە زۆربەی ئەو کەمپانەی بۆیان دیاریکراوە تێیدا نیشتەجێ بکرێن، نزیکن لە ناوچە سنورییەکان و گروپە تیرۆریستییەکانیش دەتوانن دەستیان پێیان بگات.

لە کۆتایی راپۆرتەکەشدا داوایان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە فشارێکی زۆر لە سەر بەریتانیا دروست بکەن بۆئەوەی لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە