بەپێی دەستوری تورکیا ھەر کەسێک تەنھا دوو جار مافی کاندیدبوونی ھەیە
کوردسات نیوز
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیا، مشتومڕێکی زۆر ھەیە سەبارەت بە کاندیدبونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ھەندێک لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا دەڵێن بە پێی ماددەی ١٠١ لە دەستوری ھەموارکراو، ئەردۆغان مافی ئەوەی نیە جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە چونکە تا ئێستا دوو جار کاندید بووە و ھەڵبژادرێراوە ، بەڵام لایەنگرەکانی دەڵێن ، لە ھەمواری دەستوردا کە ساڵی ٢٠١٧ دەنگی لەسەردرا ، باس لەوە کراوە کە ھەر کەسێک دوو جار مافی ئەوەی ھەیە کاندید ببێت ، بەڵام ئەردۆغان لە دوای ھەمواری دەستورەوە تەنھا یەک جار لە ٢٠١٨ دا کاندید بوە و ماوەی سەرۆکایەتیەکەی پێش ھەمواری دەستور حساب ناکرێت ، بۆیە کاندیدبونەوەی ئەردۆغان یاساییە .
"بەکیر بۆزداغ" وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داھاتوودا کە بریارە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامبدرێت ، کاندید دەبێت ، دوپاتیشیدەکاتەوە کە تاکە کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەردۆغانە و کاندیدکردنیشی یاساییە .
لە ٩ ی ئەم مانگەشدا ، ئەردۆغان بە رەسمی و راستەوخۆ کاندید بوونی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی راگەیاند و لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی راوێژکاری حزبەکەیدا لە ئیزمیر وتی ، خۆی کاندیدی پارتەکەی دەبێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پێویستە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەو کاندیدە ئاشکرا بکەن کە بۆ ھەڵبژاردنەکە رکابەری دەبێت .
ئەردۆغان پەیامێکی ئاراستەی کەمال کڵیچکدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری "جەھەپە" ی ئپۆزسیۆنیش کرد و وتی ، ھەموو کات بیانوی وادەی ھەڵبژاردن دەھێنیتەوە، ئەوا من ئەمرۆ پێت دەڵێم کە ھەڵبژاردنەکان لە حوزەیرانی ٢٠٢٣ دا بەرێوەدەچێت ، دەشڵێیت دەبێت بزانین کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان کێیە ، من پێت دەڵێم ، کاندیدەکە منم ، دەی تۆش بوێریت ھەبێت و کاندید بونت رابگەیەنە.
لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیایە و لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ دا رێژەی لە سەدا٥١ پۆینت ٧ ی دەنگەکانی بەدەستھێنا و بووە سەرۆکی تورکیا، لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ شدا ، بە بەدەستھێنانی رێژەی لە سەدا ٥٢ پۆینت ٥٩ ی دەنگەکان ، وەک سەرۆکی تورکیا ھەڵبژێردرایەوە .