لە ساڵی ٢٠١٨دا، مارک زوکەربێرگ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کەوا کە گرنگی بەوە دەدات کە فەیسبووک چیتر بۆ لە باربردنی دیموکراسی و بڵاو کردنەوەی هەواڵی ساختە بەکار نایەت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەیسبووک لە میانی لێپێچینەوەیەکی پێنج کاتژمێریدا لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکدا لە مانگی نیسانی ٢٠١٨دا لەو بارەیەوە وتی، "گرنگترین شت کە لە ئێستادا گرنگی پێدەدەم ئەوەیە کە دڵنیا بم کەس دەستێوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی جیھاندا نەکات." لە ساڵی ٢٠١٦دا کریملین فەیسبووکی وەک چەکێک بەکار ھێنان لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، بە شێوەیەک کە زانیاری ناڕاست و ئاژاوەی بڵاوکردەوە و ھیلاری کلینتنی کاندیدی سەرۆکی ئەمریکای لە بەر چاو گەلی ئەمریکا بچوکردوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان بووە ھۆکاری بە سەرۆکبوونی دۆناڵد ترەمپ.

ھەنێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کەوا نزیکی نیو ملیۆن پەیج و ئەکاونتی فەسبووک لەلایەن ڕووسەکانەوە دروست کرابوون بۆ لاوازکردنی ھیلاری کیلنتن و پشتگیری کردنی دۆناڵد ترەمپ. کامبریج ئەنالیتیکا، کۆمپانیایەکی بەریتانی تایبەت بە ڕاوێژکاری، زانیاری سەدان ملیۆن بەکارھێنەری فەیسبووکی کڕیوەوە و بەکاری ھێناوە بۆ یارمەتیدانی دۆناڵد ترەمپ لە ھەرڵبژرادنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا. زانیاریەکان بەس بوون بۆ تێگەیشتن لە سایکۆلۆژیای ئەو کەسانەی زانیاریەکانیان لە فەیسبووکەوە کڕاوە و بەم شێوەیە ئەم کۆمپانیایە توانیویەتی بزانێت ئەم کەسانە بیر و بۆچوونی سیاسیان چۆنە و چۆن کاریاین تێبکات بۆ ئەوەی بیر و ڕایان بگۆڕن. ھەروەھا ئەم کۆمپانیا کاریکردوە بۆ دەرکردنی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و بە بەکارھێنانی زانیاری بەریتانییەکان توانیویانە بیروڕای کەسانێکی زۆر بگۆڕن و دەنگ بە جیابوونەوە لە بەریتانیا بدەن.

بۆیە لە ساڵی ٢٠١٩، فەیسبووک بە بڕی ٥ ملیار دۆلار سزا درا بۆ فرۆشتنی زانیاری بەکارھێنەرانی بە کۆمپانیا و کەسەکان. و کۆمپانیای کامبریج ئەنالیتیکا پاش سزایەکی زۆر توشی مایەپوچ بوون بوو. داهاتی فەسبووک لە فرۆشتنی زانیاری کەسی بەکارهێنەرانی فەسبووکەوە پەیدا دەبێت و ئەمەش هۆکاری سەرەکیە کەوا بەکار هێنانی فەیسبووک خۆڕاییە. ئێستا ساڵی ٢٠٢٢ و وادیارە زوکەربێرگ ئێستا زیاتر خەمی پارە و میتاڤێرسێتی وەک لەوەی خەمی دیموکراسی و خەڵکی بێت. 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئێستا زوکەربێرگ چیتر بە بەردەوامی لەگەڵ تیمی ھەڵبژاردنەکەی کۆنابێتەوە و لەبری ئەوە پڕۆژەی مێتاڤێرس لە پێشینەی کارەکانیدایە. ئەویش ئەو تیمەن کە کاریان ئەوەیە فەیسبووک بۆ لە باربردنی ھەڵبژاردن و دیموکراسی بەکار نەیەت. ھەروەھا ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ژمارەی ئەو کارمەندانەی کە تایبەتن بە چاودێریکردنی ھەڕەشەکانی ھەڵبژاردن لە ٣٠٠ کەسەوە بۆ تەنھا ٦٠ کەس کەمکراوەتەوە.

وەک نموونەیەک بۆ ئەوەی کە چۆن ئەم پاشەکشێی فەیسبووک ڕێخۆشکەس بووە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ھەڵە و پروپاگەندە، نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە فیلمی ٢٠٠٠ Mules لە لایەنکە  Dinesh D’Souza  کە فلیمێکە پڕ لە بیردۆزی پیلانگێڕی و پرۆپاگەندەیە  تەنھا لەم مانگەد ٤٣٠،٠٠٠ بینەری لە فەیسبووکدا ھەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەو کەسانەی لە فەیسبووک کار لەسەر بڵاونەبوونەوەی پروپاگەندا و ھەواڵی ساختە دەکەن زیاتر جەختیان لەسەر ئەمریکا و ئەوروپایە و بەتایبەتی ئەو بابەتانەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبوونەتەوە، بۆیە ناوچەیەکی وەک ھەرێمی کوردستان لە فەیسبووکدا لە بۆشایدا دەژی و سەدان و ھەزاران ھەواڵی ساختە و چەندین بابەت کە بنەما کۆمەڵایەتییەکان لە ناودەبەن بە ئاسانی بڵاو دەبنەوە. 

بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی زانیاری ناڕاست لە فەیسبووک کارێکی قورسە، بەڵام پرۆگرامێک بەناوی CrowdTangle کە فەیسبووک لە ساڵی ٢٠١٨ کڕیویەتی، بووەتە ڕێگەیەکی گرنگ بۆ توێژەران و ڕۆژنامەنووسان بۆ بەدواداچوونی ڕەوتی نوێی زانیاری ناڕاست لە ھەڵبژاردنەکاندا. بەڵام ئێستا ئەم پرۆگرامە زۆر لاواز بووە و فەیسبووک پشتگوێ خستوە.

لە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، مێتا کۆتایی ھێنا بە خۆتۆمارکردنی لە CrowdTangle ڕاگرت و تا ئێستاش بەردەوامە. لە ماوەی ١٦ مانگی ڕابردوودا ھیچ تایبەتمەندییەکی نوێ زیاد نەکراوە و توێژەران ڕایانگەیاندووە کە ئامرازەکە وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا کار ناکات.

ھۆکاری ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ لەم ھەفتەیەدا ئەوەیە کە کەمتر لە پێنج ئەندازیار لە تیمی دەستپاکی فەیسبووک لە لەندەن کار دەکەن بۆ ئەوەی CrowdTangle  کارا بمێنێتەوە.

ئەمەش واتە ئێستا پشتگیرییەکی زۆر کەم ھەیە بۆ ئەو ڕێکخراوە زۆرانەی کە CrowdTangle بەکاردەھێنن. ھەروەھا لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و توێژەران و ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بەکارھێنانێکی زۆری ھەیە. لە شوێنەکانی وەک میانمار و سریلانکا فەیسبووک بە ئاسانکردنی جینۆساید تۆمەتبار کراوە و تەنھا بەم پرۆگرامە دەتوانرێت ڕاستیەکان دەربخرێت. 

لە سەردەمێکدا کە دیموکراسی لە ھەموو جیھاندا لە پاشەکشەدایە و سێیەم شەپۆلی دیموکراسی لە پاشەکشەدایە، فەیسبووک ئەو توانایەی ھەیە کە بڕوا بگەڕێنێتەوە بۆ دیموکراسی یاخود دیموکراسی لە بەرچاو گەلان لاواز بکات و زانیاری ناڕاست و ساختە کۆمەڵگەکان دابەش و کەرت بکات. 

کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆترین بابەتی ناڕاست و ھەواڵی ساختەی تێدا بڵاو دەبێتەوە لە کاتێکدا زۆرینەی زۆری دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان فەیسبووک وەک سەرچاوەی یەکەی زانیاری بەرکار دەھێنن.