زۆرینەی مەرجەكانی توركیا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە
کوردسات نیوز
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
پرسی بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ھاوپەیمانی ناتۆ و مەرجەکانی تورکیا بۆ ئەو دوو وڵاتە، بووەتە بابەتی رۆژی میدیا جیھانییەکان و رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە شیکارییەکدا ئاماژەی بە مەرجەکانی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ کردووە و رایگەیاندوە، سوید و فینلەندا لە مانگی ئایار و بەھۆی جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکراین داواکارییان بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ پێشکەشکرد و چاوەڕوان بوون بە خێرایی و پلەبەندی بچنە ناو ھاوپەیمانێتییەکە، بەڵام بە خێرایی پێشبینییەکانیان بوون بە نائومێدی، ئەوەش دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەڵێنەکانی رابردووی بۆ دروستنەکردنی ئاستەنگی لەبەردەم بەئەندامبوونیان پاشگەزبۆوە و ئیبراھیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، ھیچ خشتەیەکی زەمنی نیە بۆ قبوڵکردنیان و لەوانەیە ساڵێک دوابکەوێت. ئەو ھەڵوێستەش فینلەندای بەتایبەت تووشی بێھیوایی کردووە بەو پێیەی سنورێکی ھاوبەشی ١٣٣٥ کیلۆمەتری لەگەڵ روسیا ھەیە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەشداوە، تورکیا چەند مەرجێکی خستووەتە بەردەم سوید و فینلەندا، کە دیارترینیان پەیوەندی بە مەسەلەی کورد و تیرۆر و رادەستکردنی ژمارەیەک شوێنکەوتووی فەتحوڵا گویلەن ھەیە کە لە ئێستادا لە ئەمریکا دەژین و لەلایەن ئەردۆغانەوە تۆمەتبارکراون بە رێکخستنی ھەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦.
ھەروەھا تورکیا دەیەوێت سوید و فینلەندا یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر توندبکەن بۆ رادەستکردنی کەسانی دیاریکراو لەوانە ژمارەیەک رۆژنامەنوسی کورد و ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی ناڕەسمی لەسەر فرۆشی چەک بە تورکیا کەلەدوای لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر باکور و خۆرھەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٩ سەپێنراوە.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، زۆربەی مەرجەکانی تورکیا پەیوەندیان بە سوید و ھاوسۆزییەکەیەتی لەگەڵ پەنابەرانی کورد و خواستی کوردی بۆ بەدەستھێنانی مافی خۆبەڕێوەبەری لە سوریا. کە ئەنقەرە بە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت.
بە پێی شیکارییەکەی نیویۆرک تایمز بەھۆی پاشەکشەی ئابوری تورکیا ئاستی جەماوەری ئەردۆغان بۆ ھەڵبژاردنی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ دابەزیوە و تەنھا دۆسیەیەک کە بتوانێت ھەستی نەتەوەیی پێ بجوڵێنێت کێشەی کوردە.