پێگەی "مۆنیتەر"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە پەنابەرانی سوری کە لە وڵاتانی میسر و لوبنان و ئوردن و عێراق دەژین. 

بە پێی ئەو راپرسییە، ٩٢.٨٪ی پەنابەرانی سوریا نایانەوێت لە ماوەی ١٢ مانگی داھاتوودا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، تەنھا ١.٧٪یان ویستی گەڕانەوەیان ھەیە و ٥.٦٪یشیان خۆیان دڵنیا نەکردووەتەوە. ٧٧٪ی ئەوانەشی کە بڕیاری نەگەڕانەوەیان داوە وتویانە لەو وڵاتە دەمێننەوە کە ئێستا تیایدا دەژین، ١٦٪شیان نیازیان ھەیە بچنە وڵاتێکی تر. 

ئەو راپۆرتە ئەمریکییە تیشکیشی خستووەتە سەر ئەو نەھامەتییانەی پەنابەرانی سوریا روبەڕووی دەبنەوە، بە نمونە لە عێراق و میسر شوێنی نیشتەجێبوون گەورەترین کێشەیان بووە، لە ئوردن و میسر کێشەیان خۆراک بووە و بە گشتیش بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە تەواوی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەھۆی جەنگی روسیا و ئۆکراینەوە نەھامەتییەکانی پەنابەرانی سوریای زیاتر کردووە . 

ئەو راپرسییە دەریشیخستووە کە ژمارەی ئەو سورییانەی پلانی گەڕانەوەیان نییە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە زۆر زیادیکردووە، چونکە لەو ساڵەدا ٧٨٪یان ویستی گەڕانەوەیان نەبووە و ئێستا بۆ سەروو ٩٢٪ بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی سوریاش، ئەگەرچی سوپای سەر بە حکومەتەکەی "بەشار ئەسەد" زۆرینەی خاکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە، بەڵام ھێشتا پێکدادانەکان لە نێوان ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەت و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، ھەڕەشەکانی تورکیاش بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی نوێ لە باکوری خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتە مەترسییەکان درێژ دەکاتەوە.