گومانەکان لەسەر تەندروستی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا زۆربوون
کوردسات نیوز
٥ی ئایاری ٢٠٢٢
رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی رایگەیاندووە، ماوەیەکە گومانی ئەوە دەکرێت رەوشی تەندروستی "پوتن" باش نەبێت و دەنگۆی ئەوەش ھەیە کە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بوبێت، ھۆکاری ئەو گومانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەیەک لە کۆشکی "کرملین"ەوە رایگەیاندووە "پوتن" نەشتەرگەرییەک ئەنجام دەدات و رەنگە پەیوەندی بە نەخۆشی "شێرپەنجە"ەوە ھەبێت، پزیشکانیش پێیان وتووە کە ئەو نەشتەرگەرییە لە کارەکانی دووری دەخاتەوە و دەبێت دەسەڵاتەکانی بۆ ماوەیەکی کاتیی بداتە یەکێک لە یاریدەدەرکانی.
چەند سەرچاوەیەکی تریش گومانی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە "پوتن" تووشی نەخۆشی "پارکنسۆن" بوبێت، کە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و تایبەتە بە کۆئەندامی دەمار، ئەو گومانەش دوای ئەوە بڵاوبۆوە کاتێک "پوتن" لەگەڵ "سێرگی شوەیگۆ" وەزیری بەرگری روسیا کۆبۆوە و وا دەردەکەوێت کە بلەرزێت و دەستیشی بە قەراغی مێزەکەی بەردەمیەوە گرتووە، ھەر بۆیە لە ئێستادا میدیاکان بە وردی چاودێری دەرکەوتنەکانی دەکەن.
رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"یش باسی لەوە کردووە، "پوتن" لەم دواییانەدا پەیوەندییەکی ٢ سەعاتی لەگەڵ یەکێک لە یاریدەدەرەکانی و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا ئەنجامداوە، بە "نیکولای باتروشیڤ" کە سیاسییەکی روسییە و ئەفسەری ھەواڵگرییە و نزیکترین کەسە لە "پوتن"ەوە راگەیەندراوە کە رەنگە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی پێبدرێت.
ئەوەشی گومانەکانی زیاتر کردووە ئەوەیە کە سەرچاوە رەسمییەکان لە روسیا و کۆشکی کرملین ھیچ روونکردنەوەیەک نادەن، بە تایبەت کە میدیاکان و راگەیاندنەکانی روسیا ھەمیشە گرنگی دەدەن بە دەرخستنی باشی تەندروستی سەرکردەکانیان.
بەڵام ناوەندی توێژینەوەی ھاوبەشی روسیا و ئەوروپا و ئاسیا لە برۆکسل پێشبینی ئەوە دەکات، شتێک لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵانە ھەبێت، چونکە "پوتن" ھەموو کات تەئکیدی کردۆتەوە لەسەر بەھێزی و چالاکی و باشییەکەی لەڕووی تەندروستییەوە، بۆیە ئێستا رەنگە نھێنییەک لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵانە ھەبێت و تەنھا فێڵێک بێت.
"پوتن" تەمەنی ٦٩ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە سەرۆکی روسیایە، چەندین جاریش وەک بەھێزترین پیاوی جیھان لەلایەن گۆڤاری "فۆربس"ی ئەمریکییەوە دیاریکراوە.