بێرنز لە وتەیەکدا کە لە پەیمانگای جۆرجیا بۆ تەکنەلۆژیا پێشکەشی کرد رایگەیاند، دەکرێت شکستەکانی سوپای روسیا لە ئۆکراین، پوتن و لێپرسراوانی روسیا  توشی بێھیوابوون بکات و پەنا بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی تەکتیکی، یاخود چەکی ئەتۆمی کەم ھێز بەرن.

 پێشترش سەرۆکایەتی روسیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئامادەکردنی ھێزە ئەتۆمییەکانی روسیا بۆ جەنگی ئۆکراین دورە و بیریش لە بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی ناکەنەوە، بەڵام ئەمریکا لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ھۆشداری داوە لە بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە.

بەڕێوەبەری ئاژانسی ھەواڵگری ناوەندی ئەمریکا دەشڵێت، ھەست بە نیگەرانیی دەکەن و خەمی گەورەی بایدن ھەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیھانییە کە بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە ھۆکارێک دەبێت بۆ ھەڵگیرساندنی، ئاماژە بەوەش دەکات، پوتن جێی متمانە نییە و چاوەڕوانی ھەموو ھەڵوێستێکی لێدەکرێت، چونکە بە درێژایی ساڵانی رابردوو رقی لە خۆرئاوا ھەڵگرتووە و پێی وایە ئەمریکا لاوازبونی روسیای لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت قۆستۆتەوە.

روسیا خاوەنی بڕێکی زۆر چەکی ئەتۆمی تەکتیکیە، ئەو جۆرە چەکە ھێزەکەی کەمترە لەو بۆمبەی ئەمریکا لە جەنگی دوەمی جیھانیدا ئاراستەی ھێرۆشیمای کرد. چەکە تەکتیکیەکان، چەکی ئەتۆمی بچوکن کە دەکرێت لە گۆڕەپانی شەڕدا بەکاربھێنرێن، دەشکرێت لە رێی گوللە ھاوەنەوە ئاراستەی ناوچەیەکی دیاریکراو بکرێن یاخود وەک مین بتەقێندرێنەوە.