لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییە بازرگانییەكان، جارێكی دیكە نرخی زێڕ ئاستی پێوانەیی تۆماركرد و یەك ئۆنسە گەیشتە سەروو 3100 دۆلار.

لەگەڵ كردنەوەی مامەڵەكاندا لە بازاڕەكانی جیهان، بەیانی ئەمڕۆ یەك ئۆنسە زێڕ گەیشتە سێ هەزار و 106 دۆلار.

لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە بەهای زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و تائێستا بەڕێژەی 18% بەرز بووەتەوە.

هەر ئەم مانگە، بەهای ئۆنسەیەك زێڕ بۆ یەكەمجار گەیشتە سەروو سێ هەزار دۆلار، بە وتەی شارەزایانیش رەنگدانەوەی ئەو مەترسییەیە كە بەهۆی ناجێگیری ئابوری و ئاڵۆزی جیۆسیاسی و هەڵاوسانەوە دروستبووە.

زۆرینەی دامەزراوە داراییە گەورەكانی جیهانیش پێشبینییەكانیان لەبارەی داهاتووی بەهای زێڕ خستووەتەڕوو، بەشێوەیەك بانكی ئەمریكا پێشبینی دەكات نرخی ئۆنسەیەك زێڕ تا 2026  بگاتە 3350 دۆلار و لە دوو ساڵی داهاتووشدا بگاتە 3500 دۆلار.