سەرۆك وەزیرانی روسیا: ساڵی رابردوو گەشەی ئابوریمان شەش هێندەی ئەوروپا بووە
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٥
سەرۆك وەزیرانی روسیا ئاشكرای کردووە، گەشەی ئابوریی وڵاتەكەی شەش هێندەی ئەوروپا بووە لە 2024 دا.
میخایل میشوستین، سەرۆك وەزیرانی روسیا رایگەیاند: داهاتی گشتیی وڵاتەكەی لە ساڵی رابردودا 200 ترلیۆن روبڵ بوە كە دەكاتە دوو ترلیۆن و 370 ملیارد دۆلار، بەوەش گەشەی ئابوریی وڵاتەكە شەش هێندەی ئەوروپا بوە.
وتیشی ساڵی 2024 داهاتی تاك لە روسیا 8.5٪ زیادیكردوە و بڕی سەرمایەی وڵاتەكەش 7.5٪ زیادیكردوە و گەشەی ئابورییش 4.1٪ بووە.
بە وتەی میشوستین ئاستی گەشەی ئابوریی روسیا لە دوو ساڵی رابردودا دوو هێندەی نێوندی گەشەی ئابوریی لە ئاستی جیهاندا بووە، بەوەش لە روی توانای كڕینەوە دەكەوێتە ریزبەندی چوارەم وڵاتی بەهێزی ئابوریی لەسەر ئاستی جیهان.
ئەمە لە كاتێكدایە روسیا زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری بۆ جەنگ لە دژی ئۆكراین خەرجكردوە و 300 ملیارد دۆلاریشی لە بانكەكانی ئەوروپا و ئەمریكا دەستی بەسەردا گیراوە.