دوای ئەوەی دوێنێ بەغدا پارەی موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی خستە سەر هەژماری بانکیی هەرێم، ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینار وەک پارەی موچەی مانگی ئازاری موچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم.

لەدوای گەیشتنی پارەکەش وەزارەتی دارایی لیستی موچەی بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە، لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت و لەماوەی سێ رۆژدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دەدرێت.

لە رۆژی 13ی ئەم مانگەدا دەستکرا بە دابەشکردنی موچەی مانگی دووی موچەخۆران، دوابەدوای راگەیاندنی لیستی موچەی مانگی دوو، حکومەتی هەرێم ئەوەی خستە روو، هەوڵ دەدەن بەر لە جەژن موچەی مانگی ئازاریش دابەش بکەن.