ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی سێ رادەگەیەنرێت
هەساو ئەمیر
٢٦ی ئازاری ٢٠٢٥
دوای ئەوەی دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند رەزامەندی دراوە بە خەرجکردنی پارەی موچەی مانگی سێ و ئەمڕۆ چوارشەممە پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکییان، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لیستی موچە رابگەیەنرێت.
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی موچەی مانگی ئازار تەواو کراوە و سبەینێ چوارشەممە، 26ی مانگ، پارەکە رەوانەی هەرێم دەکرێت.
بۆیە وەک ئەوەی حکومەتی هەرێم لە 12ی ئەم مانگەدا رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لیستی موچە بڵاوبکرێتەوە و یان لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە یان سبەینێ راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت، هەروەها لەماوەی سێ رۆژیشدا موچەی سەرجەم موچەخۆران دابەش دەکرێت.
ئەو پارەیەی ئەمڕۆ بۆ موچەی مانگی سێ دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی 945 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینارە.
رۆژی 13ی ئەم مانگە، دەستکرا بە دابەشکردنی موچەی مانگی دووی موچەخۆران و حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لیستی موچەی مانگی سێ'ش بۆ بەغدا دەنێرن و هەوڵدەدەن بەر لە جەژن موچەی مانگی سێ دابەش بکەن.