جەنگی گومرگی ئابورییە گەورەكانی جیهان و پەرەسەندنی ناسەقامگیری بازرگانی زیانێكی زۆری بە كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی جیهان گەیاندووە.

لە نێوان 10 دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی جیهاندا، تەنها یەك كەسیان توانیویەتی لە مانگی دووەوە سامانەكەی زیاد بكات و نۆ كەسەكەی دیكە رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە.

لە 1ی مانگی دووی ئەمساڵەوە تاوەکو كۆتا رۆژی هەفتەی رابردوو، نۆ ملیاردێری جیهان بە گشتی 294 ملیار دۆلار زیانیان كردووە.

باجە گومرگییەكانی ترەمپ كاریگەری جیاوازی لەسەر كەسایەتی و كار و پیشەكان دروستكردووە. زۆرترین زیان بەر ئەو كۆمپانیایانە كەوتووە كە لە كەرتی تەكنەلۆژیا و پیشەسازی ئۆتۆمبێل و بازرگانی نێودەوڵەتی كار دەكەن هۆكارەكەشی ئەوەیە كە زنجیرەی دابینكردن بەهۆی سزاكانی ترەمپەوە ئاستەنگی تێكەوتووە .

هەندێك كۆمپانیاش سودمەند بوون بە تایبەتی ئەوانەی كە بەهۆی باجە گومرگییەكانی ترەمپەوە چیتر نیگەرانی كێبەركێكارانی دەرەوە نین كە زۆرتر ئەو كۆمپانیایانە دەگرێتەوە كە لە كەرتی بەرهەمهێنان و وزە كار دەكەن.