وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی موچەی مانگی سێ لە قۆناغی کۆتاییدایە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتایدایە، دەشڵێت، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ فەرمانگەی بودجە و ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە قۆناغی تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی تەمویلی موچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندان.

ئەوەش هاتووە، چاوەڕێ دەکرێت لە زووترین کاتدا پارەی موچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی دارایی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، وردبینی لیستی موچەی مانگی سێ تەواو بووە و هەر ئەمڕۆ دەخرێتە بەر دەستی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، بۆئەوەی بڕیار لەسەر خەرکردنی پارەی موچە بدات.

رۆژی 12ی ئەم مانگە بەغدا پارەی موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێمی نارد و رۆژی 13ی مانگیش دەست بە دابەشکردنی موچە کرا.

حکومەتی هەرێمیش رایگەیاند، هەوڵدەدەن بەر لە جەژنی رەمەزان موچەی مانگی سێی موچەخۆرانیش دابەش بکەن.