بۆ دووەمین جار لە ماوەی هەفتەیەكدا، نرخی زێڕ ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد و ئۆنسەیەك گەیشتە سەروو سێ هەزار دۆلار.

ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی جیهاندا، نرخی زێڕ 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە سێ هەزار و هەشت دۆلار، لە ئەمریكاش بەڕێژەی 0.4% بەرزبوونەوەی تۆمار كرد و ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار و 17 دۆلار. 

ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەكدا كە نرخی زێڕ بگاتە ئاستی پێوانەیی، بەشێوەیەك رۆژی هەینی ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار دۆلار. 
ئەمساڵ  لە دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، بەهای زێڕ زیاتر 14% بەرزبووەتەوە، ئاڵۆزییە بازرگانییەكانیش داواكاری لەسەر زێڕ زیاتر كردووە. 

لە هەرێمی كوردستانیش، زێڕی عەیارە 18 گەیشتووەتە 533 هەزار و عەیارە 21یش بە 621 هەزار و عەیارە 24 بە 709 هەزارە.