سامانە سروشتییەکان: هەمواری یاسای بودجە بە هەنگاوێکی ئەرێنی چارەسەری دۆسیەی نەوت دەزانین
هەساو ئەمیر
٣ی شوباتی ٢٠٢٥
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عیراق بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەری دۆسیەی نەوت دەزانن.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی عیراق تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەری کوتایی دۆسیەی نەوت دەزانن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئومێد دەکەن ئەوە قۆناغێکی نوێی چارەسەری کێشەکان بێت و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە و تێپەڕاندنی تەواوی کێشەکان و ئامادەکردنی رێكارە تەكنیكییەكانی بكات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ساڵی 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، سەرەڕای هەوڵی بەردەوام بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت نەدەکرایەوە، تاوەکو دواجار دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەمواری یاسای بودجەی گشتی عیراقی پەسەند کرد و بەپێی یاسای بودجەش چاوەڕوان دەکرێت چی زووە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت.