نرخی نەوت گەیشتە سەروو 81 دۆلار، ئەوەش یەكەمجارە لە دوای سێ مانگ بگاتە ئەو ئاستە.

ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 81 دۆلار و 22 سەنت، بەراورد بە دوێنێ 21 سەنت بەرزبووەیەوە. ئەوەش بەهۆی سەپاندنی سزای نوێیە بەسەر روسیا لەلایەن ئەمریكا و بریتانیاوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكاوە پێشبینی كردووە سزا نوێیەكان مانگانە بە ملیارەها دۆلار زیان بە روسیا بگەیەنن، لەوانەش سەپاندنی سزا بەسەر زیاتر لە 180 كەشتی نەوتهەڵگردا.

ئەوەش لەكاتێكدیە تێكڕای نرخی نەوت لە یاسای بودجەی گشتی عیراق، بۆ هەر بەرمیلێك بە نزیكەی 70 دۆلار مەزەندە كراوە ، بەڵام بەهۆی ناجێگیری نرخەكەیەوە پێشنیاز كراوە بۆ خوار 70 دۆلار كەم بكرێتەوە.