وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی وەزارەتی دارایی عیراقی دایەوە و لە سەرەتای راگەیەنراوەکەدا نووسیویەتی، "ئێمە هاووڵاتی عیراقین؟".

دارایی هەرێم ئەوەی خستووەتە روو، لەبارەی موچەوە بەغداد پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نییە و ئەوەی کە دەڵێت مانگانە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی ناردووە دوورە لە راستییەوە، بەڵکو بە گوژمەی جیاواز پارەکانی ناردووە و هەندێکجار موچەی تەنها یەک مانگی بە هەشت گوژمە ناردووە.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم نووسیویەتی، "بەغدا دەڵێ حکومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە، راست نییە و ٣٩٩ ملیار و ١٦٨ ملیۆن و ٩٦٤ هەزار  و ٥٠٠ دینارمان لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا ناردووە، کەبەپێی رێککەوتن و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عیراق لەکۆی ١١ ترلیۆن و ٥٧٦ ملیار و ٥٢١ ملیۆن و ٣٣٥ هەزار دینار بۆ بودجە، تەنها ٨٢٢ ملیار و ٦٤٢ ملیۆن و ١٥ هەزار و ٣٧ دیناری ناردووە.

ئەوەش هاتووە، وەزارەتی دارایی عیراق زیاتر لە ١٠ ترلیۆن و ٢٦ ملیار دیناری بۆ مووچە ناردووە، بەڵام زیاتر لە ٧٢٦ ملیار و ٩٩٥ ملیۆن دیناری وەک باجی دەرماەت و خانەنشینی بڕیوە.

دارایی هەرێم نووسیویەشییەتی، بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبووایە موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ململانێی سیاسیی دووربخرێتەوە، بەڵام عیراق پابەندی ئەو بڕیارە نەبووە.

وەزارەتی دارایی لەگەڵ روونکردنەوەی ئەو ژامارانەدا سەرەتا و کۆتایی راگەیەنراوەکەی بەوە دەستپێکردووە و کۆتایی پێهێناوە و دەپرسێت، "ئێمە هاووڵاتی عیراقین؟".