دوای ئەوەی دوێنێ نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردووی، ئەمڕۆ نرخەکەی کەمێک دابەزیوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٠ دۆلار و ٥٣ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ یەک دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە، بەڵام هێشتا لە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوویدایە.

هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساس بەرانبەرە بە ٧٨ دۆلار و ٤٣ سەنت، بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بەهەمان شێوەی برێنت کەمێک دابەزیوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەو رێژەیە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لەوانە ئەو شەپۆلە سەرمایەیە کە ئەمریکای گرتووەتەوە و ئەوەش خواستی دەستڕاگەیشتن بە نەوتی زیاتر کردووە.

لەلایەکی دیکە ئەو سزایانەی کە هەینی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەر چەند کۆمپانیایەکی نەوتیی روسیادا سەپاندی هۆکارێکی دیکەن، کە بەهۆیەوە چین و هیندستان بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێن.