لە چەند رۆژی داهاتوو پارەی بژمێرەكانی سەرژمێری لە هەرێم دابەش دەكرێت
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی بژمێرەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دابەش دەكرێت و هەر بژمێرێك، بڕی ٢٥٠ هەزار دیناری پێدەدرێت.
دڵزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بەغداد پارەی بژمێرەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی لە هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ١١ خەرجكردووە.
ئەوەشی خستە روو، دابەشكردنی پارەی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری سەرژمێرییەكە دەستیپێكردووە و بڕیاریشە، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بكرێت بە دابەشكردنی پارەی بژمێرەكان.
بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر وتیشی، بژمێرەكانی سەرژمێری گشتی گرێبەستییان بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ لەگەڵدا کراوە و بۆ هەر مانگێكیش بڕی ٢٥٠ هەزار دیناریان پێدەدرێت.
رۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی داهاتووش ئەنجامی كۆتایی سەرژمێرییەكە رابگەیەنرێت.