ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و گیدئۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

رۆژنامەی "ئیسرائیل هوم"ی ئیسرائیلی رایگەیاند، "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان گیدئۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی دیموکراتیکی رۆژئاوا و باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراوە". 

"لە پەیوەندییەکەدا ئیلهام ئەحمەد سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان و کوشتنی هەڕەمەکی و دەستبەسەرکردنی کوردان لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سوریاوە زانیاری وردی راگەیاندووە، هەروەها باس له پێشهاتەکانی ناوچەکه کراوە"، رۆژنامە ئیسرائیلییەکە وادەڵێت.

گیدئۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، "لە هەموو دیدارە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ هاوتاکانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا نیگەرانیەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی گەلی کورد لە رۆژئاوا خستووەتەڕوو".