هەسەدە: هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرینمان تێکشکاندوە،سەرکەوتنمان تۆمارکرد
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
هەسەدە لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند ١٧چەکداری گروپە چەکدارەکانی سەر بەتورکیا، کوژراون بەدەیان چەکداری دیکە برینداربوون
هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، لە چەند بەرەیەک لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەتایبەتی لە بەرەکانی بەنداوی تشرین، هێرشی گەورەیان کردە سەر هێزەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانیان.
هێزەکانمان بەردەوامن لەسەرکەوتن
هەسەدە ئاماژە بەوەدەکات کاتژمێر یەکی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی کانوونی دووەم، بەکرێگیراوان لە دوو میحوەرەوە هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان، یەکەمیان لە دیوی شارۆچکەی "ئەبو قەلقال"ەوە، ئەوی دیکەیان لە دیوی گوندی... "ئالۆش". شەڕ و پێکدادانی توندوتیژ لە نێوان هێزەکانمان و بەکرێگیراوەکاندا ڕوویدا، کە تیایدا بەکرێگیراوان گورزی وێرانکەریان لە دەستی شەڕڤانانمان بەرکەوت، چونکە لە سەرەتای پێکدادانەکاندا تەواوی گروپێکیان لەناوچوون.
چەکداری زۆرمان کوشتووە
هەروەها هێزەکانمان گورزێکی گەورەیان لەو هێزانەی کە دوژمن هێنایە گوندێک لە پشت شانۆی ئۆپەراسیۆن و ڕووبەڕووبوونەوە هێنا. لە کاتێکدا هیچ زیانێک لەنێو هێزەکانماندا نەبووە، تەنها یەکێک لە چەکدارەکانمان بە سوکی بریندار بووە.
هەسەدە ئاماژەبەوەشدەکات یەکەکانی شەهید "هارون" چوار ئۆتۆمبێلی سەربازیی بەکرێگیراویان کردە ئامانج کە لەنێو ماڵەکاندا خۆیان حەشاردابوو و توانیان هەموویان لەناوببەن جگە لەوەش توانیان گروپێکی دیکەی بەکرێگیراو لەو ناوچەیە لەناوببەن.