سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی: تا سەری ساڵ موچەی مانگی ١١ دابەشدەكرێت
ئاکام
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، تا سەری ساڵ، موچەخۆران موچەیەكی دیكە وەردەگرن و موچەی مانگی ١١ دابەشدەكرێت.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی وت، "ئەگەر بەغداد پارەی كورتهێنانی موچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ بنرێت كە ٤٣٠ ملیار دینارە، ئەوا موچەی مانگی ١١ تا سەری ساڵی نوێ دابەشدەكرێت".
وتیشی، "موچەی مانگی ١٢ی موچەخۆران نافەوتێت و پێدەچێت دابەشكردنەكەی بكەوێتە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٥، پێشتریش رێباز حەملان بریكاری وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لیستی موچەی مانگی ١٢ی موچەخۆران وردبینی بۆ دەكرێت و هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە و لەئێستادا سەرقاڵی پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی هەر سێ مانگی كۆتای ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانن".
رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دارایی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ی دەستیپێكردووە و تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، هەروەها دوێنێش وەزارەتی دارایی عیراق بڕی ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیۆن دیناری بۆ تەمویلی موچەی مانگی ١١ی موچەخۆرانی هەرێم خستە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام تائێستا دیارنییە كەی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.