وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٠ی بڵاوکردەوە
هەساو ئەمیر
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٠ی بڵاوکردەوە و بەپێی لیستەکە، سبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێ و ئەوەش هاتووە، هەر موچەخۆرێک بایۆمێتری ئەنجام نەدابێت، موچەکەی لە فەرمانگەکەی رادەگیرێت.
بەپێی ئەو لیستی موچەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، سبەی سێشەممە ١٧ی ١٢، دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێ و یەکەم شوێن "خانەنشینی شارستانی، خانەنشینی پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خاوەن پێداویستی تایبە و زیندانە سیاسییەکان" موچە وەردەگرن.
هەر بەپێی لیستەکە، لەماوەی شەش رۆژدا کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەهێنرێت و وەزارەتەکە دەڵێت، هەر فەرمانبەر و موچەخۆرێک کە تا ئێستا خۆی لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارنەکردووە، مووچەکەی لە فەرمانگەکەی خۆی رادەگیرێت تاوەکو لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵدا کۆدی بایۆمەتری بۆ دەکرێت، ئەوسا موچەکەی بۆ خەرج دەکرێت.
ئەوەش هاتووە، "ئەو بڕە پارەیەی کە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە بڕیاری گواستنەوە (مناقلة)ی لەسەر دراوە هێشتا تەمویلەکەی نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان، تەمویلی موچەی مانگی ١١ کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنی دراوە بەهەمان شێوە هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیمان".
ئەو موچەیەی سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێمە، چاوەڕواندەکرێت، هەفتەی داهاتووش موچەی مانگی ١١ دابەشبکرێت.
دوای دوو مانگ لە دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچە، دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆکان ئەرێنین و لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی موچە، موچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ش بە زووترین کات دابەش دەکەن.