موعین كازمی: هەرێم رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و داهاتەکەی دیار نییە
١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، حكومەتی هەرێم رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە و نازانرێت داهاتەكەی چی لێهاتووە، پێویستە دیوانی چاودێری لێپرسینەوەی دارایی بكات.
موعین كازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی، حكومەتی فیدراڵ داوادەكات داتابەیسێكی روون بۆ ٧٠٠ هەزار فەرمانبەری مەدەنی و پێشمەرگە هەبێت، بەڵام ئەو لیستەی هەرێم ناردویەتی ناوی دووبارە و دوو موچە و ناوی ناڕاستیشی تێدایە، ئەوەش حاڵەتێكی بێ متمانەیی دروستكردووە.
باسی لەوەشکردووە، دەبێت لێپرسینەوەی دارایی هەبێت لەلایەن چاودێریی داراییەوە بۆ ئەوەی متمانە لەنێوان هەردوولادا هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێم وایە ساڵی داهاتوو رێککەوتنێک دەبێت بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و لەژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای سۆمۆ، لەگەڵیشیدا وەزارەتی نەوتی عێراق چاودێر دەبێت بەسەر پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت و رێگە لە بەقاچاغبردنی دەگرێت، لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدڕاڵ پابەند دەبێت بە ناردنی موچە و شایستە داراییەکانی ٧٠٠ هەزار فەرمانبەری هەرێم لەکاتی خۆیدا".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، رەوا نییە هەزاران كەس لە هەرێم بە پلەی وەزیر موچە وەردەگرن.