فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپییان دابەشکردووە، بەوپێیەش تاوەکو ئێستا ٩٩٥ هەزار و  ٣٢٥ خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەردەوامە و تاوەکو ٥ـی١٢ـی ٢٠٢٤، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ١٩٩ ملیۆن و ٦٧ هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگای هەولێر ٦٧ ملیۆن و ١٧٠ هەزار لیتر نەوتی سپی واتە رێژەی لە (٨١٪) نەوت دابەشکراوە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٧ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار و ٤٠٠ لیتر واتە رێژەی لە ( ٩٨.٥٪) نەوت دابەشکراوە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی سلێمانی بڕی ٧١ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار و ٤٠٠ لیتر واتە لە (٦٧٪)ـی نەوت دابەشکراوە، لە پارێزگای هەڵەبجە بڕی ٤ ملیۆن و ٣٧٨ هەزار لیتر واتە لە ( ٧١٪) نەوتی سپی دابەشکراوە، لە پارێزگای دهۆک ٣٠ ملیۆن و ٧٤٢ هەزار و ٦٠٠ لیتر واتە لە (٦٨.٥٪)ـی نەوت دابەشکراوە و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش بڕی ٧ ملیۆن و ٨٩٥ هەزار و ٤٠٠ لیتر (٦١٪) نەوتی سپی دابەش کراوە.

فەرمانگەکە دەشڵێت، ئێستا بڕی ٢٣٠ ملیۆن و ١٦٤ هەزار و ٢٧٦ لیتر نەوتی سپی دابینکراوە و بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەشکراوە.

دەشڵێت، پشکی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو بڕەی کە دابینکراوە ٨٥ ملیۆن و ٢١٦ هەزار و ٩٥٣ لیترە، پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ٩٩ ملیۆن و ١٨٢ هەزار و ٣٢٢ لیترە و پشکی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش ٤٥ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار و یەک لیترە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە کۆی ٢٣٠ ملیۆن و ١٦٤ هەزار و ٢٧٦ لیتر نەوتی سپی دابینکراو بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڕی ١٩٩ ملیۆن و ٦٧ هەزار لیتر نەوتی سپی کە دەکاتە لە (٧٤٪) نەوتی سپی دابینکراو دابەشکراوە.