چارەسەرێکی نوێ بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ دەخرێتەڕوو
٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چارەسەرێکی نوێی بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ خستەڕوو و دەڵێت، ئەگەر حكومەتی عیراق كورتهێنانی موچەی هەرێم پڕنەكاتەو دەبێت هەرێم لە داهاتی ناوخۆ پڕی بكاتەوە.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەگەر حكومەتی عیراق لە دوو رۆژی داهاتوودا گوژمەیەكی دیکەی پارە رەوانەی هەرێم نەكات، ئەوا لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە بە زووترین كات بەو پارەیەی لەبەردەستیدایە كە ٧٦١ ملیار دینارە، مووچەی مانگی ١٠ دابەش بكات.
وتیشی، پابەند نەبوون بە بڕیارەكان دوو لایەنەیە، نەحكومەتی عیراق پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەبێت، نە حكومەتی هەرێمیش پابەندی كۆبونەوەكان و ئەو گفتوگۆیانە دەبێت كە لە نێوان عیراق و هەرێم دەكرێن بۆ چارەسەركردنی پرسی موچە.
هەفتەی رابردوو عیراق ٧٦١ ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ١٠ی موچەخۆرانی هەرێم خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیاری دابەشکردنی موچەی نەداوە و دەڵێت، پێویستە ئەو کورتهێنانەی بۆ موچە هەیە حکومەتی عیراق پڕی بکاتەوە.