ماوەی ٤٧ رۆژە موچەخۆرانی هەرێم موچەیان وەرنەگرتووە و دژی دواكەوتنی موچەی مانگی ١٠، بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راپەڕینیش بایكۆتی دەوامی راگەیاند.

پەیامنێری كورسات نیوز رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە بایكۆتی دەوام لە بەشێك لە خوێندنگە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێكردووە، فەرمانبەران و مامۆستایانیش دەڵێن، "تا موچە دابەشنەكرێت ناچنەوە دەوام".

هاوكات ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی راپەڕین لە راگەیەنراوێكدا داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات، "لە بەرانبەر بێ باكیی دەسەڵات بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەرگرن لە بەرانبەر هەر ٣٠ رۆژ جارێك موچەیەكی شایستە هەیە، چەند رۆژ مووچە دواكەوت ئەوەندە بایكۆت بكەن، چونكە ئەرك بەرانبەر مافە".

ماوەی چەند رۆژێكە بەغداد ٧٦١ ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی ١٠ خستووەتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بەهۆی ئەوەی ٢٣٥ ملیار دینار كورتهێنانی هەیە، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی موچەی مانگی ١٠ـی پێبدرێت، ناشزانرێت كەی موچەی مانگی ١٠ دابەشدەكرێت.