بەریتانیا كاروانێكی تری مووشەكی دوورمەودای بۆ ئۆكراین دابین كرد، فەرماندەیەكی ڕوسیش دەڵێت، چەكە ئەتۆمییەكانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

حكومەتی بەریتانیا دەیان مووشەكی دوور مەودای جۆری ستۆرم شادۆی بۆ كیێڤ ڕەوانە كرد كە یەكەمین مووشەكی دوورمەودابوو سوپای ئۆكراین لەم مانگەدا قوڵایی خاكی روسیای پێ بۆردومان كرد.

هاوكات ئەفسەرێكێ پێشوو لە هێزە ئەتۆمییەكانی ڕووسیا ڕایگەیاندووە: لە هەفتەكانی سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئۆكراین، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی ئەتۆمی.

ئەو ئەفسەرە بە "بی بی سی" وتووە، مۆسكۆ ئامادە بووە هێرشی ئەتۆمی ئەنجام بدات و لەوكاتەشەوە كە جەنگ دەستیپێكردووە، چەكە ئەتۆمییەكانی روسیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو ڤلادمیر پۆتن سەرۆكی روسیا ئیمزای لەسەر یاسای مافی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم كرد دژی ئەو وڵاتانەی بە مووشەكی دوورمەودا هێرش دەكەنەسەر روسیا.