سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، "ئیسرائیل بە بیانووی بێ بنەما هەڕەشە لە عیراق دەكات و تەنها دەیەوێت شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە رێوڕەسمی یادی ١٠٠ ساڵەی وەزارەتی عیراق رایگەیاند، "عیراق یەكێكە لە دیارترین ئەندامانی دامەزرێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئامادەییەكی نێودەوڵەتی و جێگەی لە زۆرێك لە روداوە گرنگەكانی مێژووی ناوچەكەدا هەبووە".

وتیشی، "ئیسرائیل بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما كە مەبەستیەتی شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە، هەڕەشەی لە عیراق كردووە و بە دانپێدانانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، عیراق هەموو مەرجەكانی گۆڕانكاری لە دیموكراسی و سیاسی و گەشەپێدان بەدیهێناوە".

سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو تووشی گۆشەگیری بوو، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـی وە بە خێرایی پێگەی خۆی بەهێزكردەوە و گەڕایەوە ناو گۆڕەپانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.